پسپۆڕێكی نەخۆشییەكانی هەناو و گورچیلە دەڵێت، حاڵەتێكی مەترسیدار لەناو گەنجاندا دروست بووە كە ئەویش پەككەوتنی گورچیلەكانیانە، بەهۆی زۆرخواردنی وزەبەخشەكانەوە.
د.موزەفەر عەبدوڵڵا پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناو و گورچیلە رایگەیاند، تەنها لەم چەند مانگەی رابردودا چەندین حاڵەتی بینیوە كە لەتەمەنی 16 تاوەكو 24 ساڵی بەهۆی زۆر بەكارهێنانی خواردنەوە وزەبەخشەكان توشی پەككەوتنی گورچیلەكانیان بوون.
رونیشیكردووەتەوە، ئیستا لەلای ئێمە هەفتەی دووجار و هەندێكیان سێجار شوشتنی گورچیلە ئەنجامدەدەن، دوای ئەوەی چەندان حاڵەتی هاوشێوەی بینی لەگەڵ هاوڕێ پزیشكەكانم باسیكرد، دەركەوت ئەوانیش چەندین حاڵەتی وایان لەم ماوەیەدا بینیوە.
ئەو پزیشكە لە بەشێكی تری قسەكانیدا باسی لەوە كردووە، كاتێك مێژووی نەخۆش وەردەگرن، جگە لەزۆر خواردنەوەی ئەمجۆرە مەشروبانە، هیچ هۆكارێكی تر نادۆزنەوە ببێتە هۆی پەككەوتنی گورچیلەكان لەو تەمەنەدا، داواش لە هاوڵاتیان دەكات زۆر ئاگاداری خۆیانو منداڵەكانتان بن، بەتایبەتی گەنجەكان دوربكەونەوە لەبەكارهێنانی ئەو جۆرە خواردنەوانە.




