سوید كوردێكی رادەستی توركیا كردەوە

دادگەیەکەی تورکیا سزای زیندانیکردنی بۆ ئەندامێکی پارتی کرێکارانی کوردستان – پەکەکە دەرکرد کە رۆژێک لەوەوپێش لە لایەن سوێدەوە رادەستی ئەنقەرە کرابوو. 

دوای لەشکرکێشیی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، فینلاند و سوێد لە مانگی ئایاری2022، دەستبەرداری بێلایەنی سەربازیی لەمێژینەیان بوون و بڕیاریاندا ببنە بەشێک لە رێکخراوی پەیماننامەی باکووری ئەتڵەسی – ناتۆ. بەڵام بۆ ئەوە پێویستیان بە رەزامەندی هەموو ئەندامانی هاوپەیمانییە بەرگرییەکە؛ تورکیا و هەنگاریایە و تائێستا گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵنەکردوون. 

بۆ ئەوەی رەزامەندییان پێ بدات، تورکیا داوای لەو وڵاتانەی باکووری ئەوروپا کردووە هەڵوێستێکی تووندتریان دژی ئەو لایەنە کوردییانە هەبێت کە بە “تیرۆرست” دایاندەنێت (پەکەکە و پەیەدە). 

مەحموود تات، کە لەلایەن سوێدەوە رادەست کراوە، سزای زیاتر لە شەش ساڵ بەندکردنی بۆ دەرکرا لەسەر ئەوەی کە ئەندامی پەکەکەیە. ساڵی 2015 پەنای بردە بەر سوێد، بەڵام ستۆکهۆڵم پەناخوازییەکەی رەتکردەوە.  

تات شەوی هەینی گەیشتەوە فڕۆکەخانەی ئیستانبووڵ، دوای ئەوەی کە سوێد دەستگیر و دیپۆرتی کردەوە. 

لەگەڵ گەیشتنی بە فڕۆکەخانەکە، پۆلیسی تورکیا دەستگیریکرد و رۆژی شەممە رادەستی دادگەی کرد، کە بە گوێرەی میدیای تورکیا، سزای بەندکردنی بۆ دەرکراوە. 

تورکیا هەر یەکە لە فینلاند و سوێد تۆمەتبار دەکات بە داڵدەدانی ئەو گرووپە کوردیانەی کە بە “تیرۆریست” دایاندەنێت و تائێستا واژۆی لەسەر بە ئەندامبوونیان نەکردووە، وێڕای ئەوەی کە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ لە مەدرید گەیشتنە لێکتێگەیشتن. 

مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا هەفتەی رابردوو، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ناتۆ لە شاری بوخارێست، لەگەڵ هاوتا سوێدی و فینلەندییەکانی کۆبووەوە. چاوشئۆغڵو گوتی: “ئەو لێدوانانەی لە سوێدەوە دێن باشن، پابەندبوونەکە باشە، بەڵام پێویستە هەنگاوی کۆنکرێتی ببینین.”

ئەنقەرە پێشتر روونیکردووەتەوە کە چاوەڕێی ئەوە لە ستۆکهۆڵم دەکات هەنگاوی پێویست لەبارەی رادەستکردنەوەی ئەو کەسانە بگرێتەبەر کە بە “تاوانکار و تیرۆریست” ناویان دەبات و سامانەکەیان سڕ بکات. 

ماریا مالمەر، وەزیری کۆچبەرانی سوێد جەختی لەوە کردەوە کە رادەستکردنەوەی تات بڕیارێک بووە لەلایەن بۆردی کۆچبەران و دادگەکانی وڵاتە ئەسکەندەناڤییەکەوە دراون نەک لەلایەن حکومەتەوە. 

مالمەر بە میدیای وڵاتەکەی گوت: “ئەمە کەیسێکی رادەستکردنەوەیە کە تێیدا پەناخوازیی کەسێک رەتکراوەتەوە. حکومەت هیچ رۆڵێکی لەم کارەدا نییە و پەیوەستە بە پێداچوونەوەی داواکارییەکانی مافی پەنابەرێتی.” 

خانمە وەزیرەکە گوتیشی: “نە حکومەت و نە هیچ وەزیرێکی کابینەکە ناتوانن دەستوەردان بکەن یان کار لە کاربەدەست و دادگەکان بکەن لە راییکردنی کەیسی کەسێک.”

پارێزەری پێشووی تات کە لە سوێدە، رەخنەی لە بڕیاری رادەستکردنەوەی گرت. عەبدوڵڵا دەڤەچی بە میدیای سوێدیی گوت: “ئەمە زۆر خراپە. دادپەروەرانە نەبوو بۆ ئەو، ئەمە پرسێکە بە شێوەیەکی سەرەکی پەیوەندیی بە دیموکراسیی سوێد و مافەکانی مرۆڤەوە هەیە.” 

پەیوەندیدار