تورکیا كوژرانی سەربازێكی لە ھەرێمی کوردستان ڕاگەیاند

ئەفسەرێکی پلە باڵای سوپای تورکیا لە ھەرێمی کوردستان کوژرا، وەزارەتی بەرگریی تورکیاش دەڵێت، بەھۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراوەوە کوژراوە.

وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، ئەفسەرێکیان بە ناوی محەمەد دومان بە پلەی موقەدەم لە ھێزی کۆماندۆی سوپای تورکیا، بەھۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو لە ناوچەکانی ئۆپراسیۆنی چڕنووک-قووفڵ لە “باکوری عێراق” کوژراوە.

کوژرانی ئەو ئەفسەرەی سوپای تورکیا لە کاتێکدایە، کە تورکیا لە 20ی ئەم مانگەوە ئۆپراسیۆنێکی نوێی ئاسمانی لە ھەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان دەستپێکردووە و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتەش چەندینجار ھەڕەشەی ئەنجاندانی ئۆپراسیۆنی زەمینی لە ناوچەکانی کۆبانێ و تەل تەمر و مەنبج کردووە.

پەیوەندیدار