حەلەب… ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی تورکیا بەسەر جەستەی ژن و منداڵێکدا رۆیشتووە و گیانیان لەدەستداوە

چالاکڤانانی ناوچەکانی ژێر دەستی ئۆپۆزیسیۆن پشتڕاستی دەکەنەوە کە ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی سوپای تورکیا لە باکووری پارێزگای حەلەب بەسەر جەستەی ژنێک و منداڵێکدا رۆیشتووە و هەردووکیان دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە.

رۆژی دووشەممە، 5ـی کانوونی یەکەمی 2022، چالاکڤانانی شارۆچکەی ئەتاریبی رۆژئاوای باکووری پارێزگای حەلەب رایانگەیاند، کە دوو ئۆتۆمبێلی سەربازیی چوونەتە نێو شارۆچکەکە و یەكێکیان “بەسەر ژنێک و منداڵەکەیدا رۆیشتووە و دەستبەجێ کوشتوونی.”

رووداوەکە تووڕەبوونی خەڵکی لێکەوتووەتەوە و دانیشتووانی شارۆچکەکە ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانیان بەردباران کردوون.

شارۆچکەی ئەتاریب لەژێر دەستی دەستەی تەحریری شامدایە و بە دووریی 16 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری سنووری تورکیا.

سەرچاوە خۆجێیەکان بڵاویانکردەوە ئەندامانی گرووپێکی ئۆپۆزیسیۆنی نزیک لە تورکیا سەربازانی تورکیایان لە خۆپێشاندەران پاراستووە و بردوونەتە وێستگەیەکی نزیکی پۆلیس. تاوەکو ئێستا هیچ روونکردنەوەیەک لەبارەی رووداوەکە لەلایەن تورکیاوە نەدراوە.

بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان، کاروانی سەربازیی تورکیا لە مانگی تشرینی دووەمیشدا کچێکیان لە شاری سەرێ کانیی رۆژئاوای کوردستان کوشتووە.

لە ساڵی 2016ـەوە بە هاوکاریی هێزە نزیکەکانی، تورکیا سێ ئۆپەراسیۆنی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوبەرایەتیی خۆسەر ئەنجامداوە و هێزە نزیکەکانی لەو ناوچانەدا جێگیرکردووە.

لە ئابی 2016دا تورکیا دەستی بەسەر جەرابلوس و ئەعزازدا گرت. لە سەرەتای ساڵی 2018ـەشدا، تورکیا و هێزە نزیکەکانی لە ئۆپەراسیۆنی ناولێنراو بە چڵە زەیتوون لە لایەن ئەنقەرەوە دەستیان بەسەر هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کورستاندا گرت و لە تشرینی یەکەمی 2019ش ئەو هێزانە هێرشیان کردە سەر سنووری سەرێکانی و گرێسپی لە رۆژئاوای کوردستان و ئەوانیشیان داگیرکرد.

پەیوەندیدار