راپۆرتێك: داعش چەكی كیمیایی لە عیراق و سوریا  بەکارھێناوە

بەپێی راپۆرتێكی نەتەوە یەكگرتووەكان، بەڵگەی سەلمێنەر هەیە كە رێكخراوی داعش لەكاتی داگیر كردنی بەشێكی زۆری خاكی عیراق و سوریا، چەكی كیمیاوی لە چەندین ناوچە بەكارهێناوە، یەكێك لەو ناوچانەش تازەخورماتووە.
بەپێی راپۆرتەكە كە لەلایەن تیمێكی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە ئامادە كراوە و بڕیارە لە ئەنجومەنی ئاسایش پێشكەش بكرێت، چەندین بەڵگە دەستكەوتوون كە دەیسەلمێنن رێكخراوی داعش لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2019 چەكی كیمیاوی بەكارهێناوە.
ئەوەش هاتووە، بەڵگەی ئەلكترۆنی بەردەستە ئەوەش سەرەڕای وتەی شایەتحاڵەكان، رێكخراوەكە گولـلە هاوەنی كیمیاوی و گولـلە تۆپ و موشەك و بۆمب و تەقینەوەی كیمیاوی دروست كردووە، هەروەها لە بەشێك لە بەڵگەكاندا باس لە ئامادەكارییە لۆجستیەكان و دابینكردنی پارە بۆ كڕینی پێداویستییەكان و ئەو سەركردانەی رێكخراوەكە كە بەشداربوون لە كڕینی دەكات.
هەر بەپێی راپۆرتەكە، داعش چەكە كیمیاوییەكانی لە چەندین ناوچەی عیراق دروست كردووە و بەكارهێناوە، هەروەها بەڵگەش لەسەر ئەو ماددانە هەیە كە بەكاری هێناون، لە یەكێك لە هێرشەكانیدا لە تازەخورماتوو لە مانگی ئازاری ساڵی 2016 چەكی كیمیاوی بەكارهێناوە و بەڵگەیەكی زۆر لەسەر ئەو هێرشە كۆكراوەتەوە، ماددە بەكارهێنراوەكانیش بریتی بوون لە “فۆسفایدی ئەلەمنیۆم، كلۆر، سیانید، نیكۆتین، ریكسین و كبریتی سالیۆم”.
شارەزایان جەختیان لەوەش كردووەتەوە، ئەو چەكانەی بەكارهێنراون كاریگەری لەسەر بەشێك لە دانیشتووانی تازەخورماتوو دروست كردووە، وەك دەركەوتنی نەخۆشی درێژخایەن و ژێرپەنجە و كاریگەری لەسەر توانای خستنەوەی نەوەش دروست كردووە.

پەیوەندیدار