ھێزەكانی پاسەوانی سنوری عێراق لە سنورەكانی ھەرێم و ئێران جێگیربوون

ھێزەکانی پاسەوانی سنوری عێراق، لەسەر سنورەکانی ھەرێمی کوردستان و ئێران جێگیربوون، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، سیستمی بەرگریی ئاسمانی لەسەر سنوورەکان جێگیردەکرێت.

سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی پلانی ئەمنی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەڵێنەکانی عێراق بۆ پاراستنی ئاسایشی سنور، یەکەمین کاروانی ھێزەکانی پاسەوانی سنور، گەیشتوونەتە سەر سنورەکانی ھەرێمی کوردستان و ئێران.

وتیشی، ئامانجی بڵاوبوونەوەی ھێزەکانی پاسەوانی سنور، کۆتاییھێنانە بە پێکدادانەکانی نێوان پارتە کوردییەکان و سوپاکانی ئێران و تورکیا، ھەروەھا بۆ رێگریکردنە لە ھێرشی زەمنی سوپای ئێران لە خاکی عێراق دژی پارتە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکان.

لە لایەکی ترەوە مەھدی تەقی ئامرلی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، عێراق رێکاری تری ھەیە بۆ پاراستنی سەروەریی خاکەکەی، لەوانە جێگیرکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی لەسەر سنورەکان و لەئێستاشدا عێراق چاوەڕانی گەیشتنی کاروانێکی تری ئەو سیستەمەیە لە فەڕەنساوە.

پەیوەندیدار