پیلان لە مۆندیالەکان

زۆر جارە ئەگەر کەسێك هەڵوێستێکی دەمارگیرانە یا تۆزێك توڕەبوو بنوێنێ پێی دەگوترێ لەسەرخۆبەو بەگیانێکی وەرزشیانە وەری بگرە، کەچی ئەگەر بە مێژووی وەرزشی دا دەچیەوە ئەوا بۆت دەردەکەوێ کە ئەو مێژووەش بێ خەوش نییە.
زەقترین نموونە ئەو زوڵمە گەورەی کە لە مۆندیالی ساڵی ١٩٨٢ ی ئیسپانیا لە هەڵبژاردەی جەزائیری عەرەبی کرا، زەقتریش بڵێین ڕێککەوتنە ڕانەگەیەنراوەکەی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئەڵمانیاو نەمسا بوو کە لە میانی یاری قۆناغی یەکەمی نێوانیان ئەنجامیاندا، هەرلەو مۆندیالەی کە بۆ دواجار هەڵبژاردەی ئیتاڵیا جامەکەی بەدەستهێنا دوای بردنەوەی لە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا.
لەو مۆندیالەدا هەڵبژاردەی جەزائیر بە ژمارەیەك یاریزانی بەتوانا گەیشتنە مۆندیال و لەیەکەم یاریدا توانیان بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەڵمانیا (٢-١)سەرکەوتن تۆماربکەن کە ئەوسا ئەڵمانیا بە بەهێزترین هەڵبژاردەی جیهان ئەژماردەکرا، لەیاری دووەمی کۆمەڵەکەیان بەرامبەر بە هەڵبژاردەی نەمسا دۆڕا، بەڵام لە یاری سێیەمی توانی (٣-٢)سەرکەوتن بەسەر هەڵبژاردەی چیلی تۆماربکات و چاوەڕوانی دۆڕانی هەڵبژاردەی نەمسا بکات بەرامبەر بە ئەڵمانیا بە جیاوازی تاکە گۆلێك کە ڕۆژێك دوای یاریەکەیان ئەنجامدەدرا، بەڵام هەرلە دەخولەکی یەکەمی یاریەکە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا گۆڵی خۆی واڵاکرد و نەمسا تاکە گۆڵی یاریەکەی تۆمارکرد و دواتر بۆماوەی هەردوو گێمەکە یاریزانانی هەردوو هەڵبژاردەکە هێرشیان نەبردەسەریەك و تەنها تۆپیان لە نێوان خۆیان دەگواستەوە، بەجۆرێك زۆربەی هاندەرانی ئامادەبوو هاواریان لەهەردوو هەڵبژاردە دەکرد بۆ دەرەوە بۆ دەرەوە، تەنانەت کۆمێنتاری ئەڵمانیا و نەمساش بێزاری خۆیان دەربڕی ، یەکێك لە هەندەرانی ئەڵمانیا لە تاوی ئەو نمایشە بێزارکەرەی یاریزاناندا ئاڵای وڵاتەکەی سوتاند، ئەوەبوو یاریەکە بەو ئەنجامە کۆتایی پێهات و دواجار هەردوو هەڵبژاردە گەیشتنە قۆناغی دووەم و هەڵبژاردەی جەزائیر بووە خۆراکی پیلانەکەیان.
هەرچەندە لێژنەی ئۆڵۆمپی تۆپی پێی جەزائیر تانەی خۆی پێشکەشی فیفا کرد، بەڵام ئەوە هیچ کاریگەری بۆ ئەنجامەکان نەبوو، بەڵام لەو ڕووداوە بەدواوە بڕیاردرا سێیەم یاری قۆناغی یەکەمی مۆندیالی جیهانی هەڵبژاردەکان هەردوو یاریەکە لەیەك کات ئەنجامبدرێت تاوەکو ڕووداوی هاوشێوە دووبارە نەببێتەوە.
ئەوە یەکێکە لەو هەڵوێستە نەخوازراوانەی نێو جیهانی تۆپی پێ و تایبەتیش مۆندیالەکان، بۆیە بەدووری مەزانن دوای چەندین ساڵی دیکە چەند خەوشێکی دیکەی ئەو مۆندیالەی ئێستای قەتەر پەردەی لەسەر هەڵماردرێت و شتی عەجایبیان لێ دەربچێت کە خۆشتان باش دەزانن وڵاتی قەتەر بەشەرتی چەقۆ(پارە) ئەو مۆندیالەی پەلکێشی دەوحە کردووە.

دارەوانی مام نوری

پەیوەندیدار