خۆپیشاندەرێكی دیكە لە سنە بە تەقەی هێزە ئەمنیەكان كوژرا

شەوی چوارشەممە لە چەندین شاری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خۆپێشاندان و ناڕەزایی بەڕێوەچوو. لە ئەنجامی تەقەی هێزەکانی ئێران لە خۆپێشاندەران لە گەڕەکی حەسەنئاوای شاری سنە، گەنجێکی 21 ساڵان بەناوی هومەن عەبدوڵڵاهی گیانی لەدەستدا.

هومەن بە برینداری گەیندرابووە نەخۆشخانە، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

بەپێی دوایین ئاماری کۆمەڵەی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران کە چوارشەممە بڵاوکراوەتەوە، لە خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکانی 82 رۆژی رابردووی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا 473 کەسی سڤیل گیانیان لەدەستداوە کە 64یان خوار 18 ساڵن. هەروەها 61 کەس لە هێزەکانی ئێرانیش کوژراون.

ئەو رێکخراوە دەڵێت، ناڕەزایی لە 159 شار بەڕێوەچووە و، مەزندە دەکرێت 18 هەزار و 227 کەس دەستبەسەر کرابن کە ناوی سێ هەزار و 600 کەسیان تۆمارکراوە.

پەیوەندیدار