گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند بە تۆمەتی دزیكردن لە چەند دووكانێكی زێڕنگەر لەناو بازاڕی شاری سلێمانی، مەفرەزەكانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوان پێنج ژن دەستگیر دەكەن كە چواریان بە رەچەڵەك عەرەبن.
سەركەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رايگەیاند، دوای تۆماركردنی سكاڵای یاسایی لەلایەن چەند زێڕنگەرێكەوە لەسەر دزینی بڕێك زێڕ، هێزەكانی پۆلیس دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە و “سەرئەنجام توانرا پێنج تۆمەتبار دەستگیر بكرێن و دوای لێكۆڵینەوەش لەبەردەم دادوەرهەر پێنج تۆمەتبارەكە راستەوخۆ دانیان بە تاوانەكانیاندا ناوە.”
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی باسی لەوەش كرد، سەرجەم تۆمەتبارەكان ئافرەتن و چواریان بە رەچەڵەك عەرەبن و پێشینەی تاوانیان هەیە، پێشتریش لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە لەسەر ئەنجامدانی تاوانی دیكە دەستگیركراون.
ئێستا ئەو پێنج تۆمەتبارە بەپێی مادەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.