سەرۆکی دەستەی دەسپاکی رایگەیاند، ئەمساڵ ٧١٣ دۆسیەی نوێی گەندەڵی لە ھەرێمی کوردستان تۆمارکراون، بەڵام تەنھا ٧٧ دۆسیەیان یەکلاکراونەتەوە.
ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەسپاکی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە کۆی ئەو دۆسیە نوێیانەی تۆمارکراون ٤٨٧یان دۆسیەی گەندەڵی و ٢٢٦یان دۆسیەی ھەواڵدەری بوون کە دەکاتە ٧١٣ دۆسیەی گەندەڵی نوێ و تەنھا ٧٧یان یەکلاکراونەتەوە.
وتیشی، لێکۆڵینەوە لە ٩٧٦ دۆسیە دەکرێت و ئەمساڵ ٢٠٣ دۆسیە رەوانەی دادگا کراون، ھەروەھا ١٨٠٠ فۆڕمی ئاشکراکردنی سەروەرت و سامانی لێپرسراوانیش گەڕاوەتەوە.
“ئەحمەد ئەنوەر” باسی لەوەشکرد، ھەر فەرمانبەرێک پلەی زیادی وەرگرتبێت لێیوەردەگیرێتەوە، چونکە لە ٢٠١٦ەوە پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران راگیراوە.
ئاماژەی بەوەشدا کە پڕۆسەی دادگایی لە دۆسیەکانی گەندەڵی کاری ئەوان نییە و ئاستەنگی یاسایی و سیاسی ھەیە بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، وتیشی، گرنگە ھاوشێوەی بەغداد دادگایەکی تایبەت بە گەندەڵی ھەبێت.