بە مەبەستی چارەسەری ریشەیی بۆ رێگریكردن لە دووبارەنەبوونەوەی گرفتی شكانی بۆڕیی پرۆژەی ئاوی ئیفراز سێ لە شاری هەولێر، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رەزامەندی نیشاندا بە خەرجكردنی گوژمەی 20 ملیار و 842 ملیۆن و 500 هەزار و 600 دینار و سبەی یەكشەممە، 11ـی کانوونی یەکەم) قۆناغی یەكەمی پرۆژەی گۆڕینی بۆرییەكە دستپێدەكات و تیمێكی ئەندازیارانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش سەرپەرشتیی جێبەجێكردنی پرۆژەكە دەكەن.
پرۆژەی ئیفرازی سێ 40%ـی ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتیوانی شاری هەولێر دابیندەكات، بەهۆی سەرپێچی و زێدەڕۆیی لەسەر بۆڕییەكە، چەند جارێك بۆڕییەكە دەشكا و بۆ ماوەیەك بەشێكی زۆری دانیشتیوانی شاری هەولێر بێئاو دەبوون، لەپێناو چارەسەری ریشەیی ئەو كێشەیە، كە گۆڕینی بۆڕیی هێڵی گواستنەوەی ئاوی ئیفرازی سێی هەولێرە لە بۆریی GRPـی تیرە 1500 ملیمەوە بە بۆڕیی كاربۆن ستیل، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رەزامەندی لەسەر خەرجكردنی گوژمەی پرۆژەكە داوە كە بریتییە لە 20 ملیار و 842 ملیۆن و 500 هەزار و 600 دینار و بڕی چوار ملیار و 354 ملیار و 750 هەزار دینار لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە بۆ جێبەجێكردنی قۆناغی یەكەمی پرۆژەكە خەرجدەكرێت، لە وێستگەی ناوەندی مەرعودا بە درێژایی 2750 مەتر بە بۆری 1.5مەتری بۆڕیی كاربۆن ستیل دەستپێدەكات تا دەگاتە 108ـی عەنكاوە لە كۆی ئەو 11 كیلۆمەترەی كە بۆرییە كۆنەكەی تێدا دەگۆڕدرێت.
رۆژی یەکشەممە، قۆناغی یەكەمی پرۆژەی پاراستنی هێڵی گوێزەرەوەی ئاوی ئەو پرۆژەیە دەستپێدەكات كە چەند ئەندازیارێكی شارەزای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگای هەولێر، سەرپەرشتی جێبەجێكردنی پرۆژەكە دەكەن، ئەمەش گرفتی شكانی ئەو بۆرییە لەو شوێنە چارەسەر دەكات و دەبێتە هۆی پەرەپێدانی پرۆژەكە و پرۆسەی دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتییان باشتر دەبێت.