لە 12-12-1985،حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان وەکوو ئیتجاهێکی نوێ لەنێو بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان، دامەزرا. پابەند بە پرەنسیپە چەسپاوەکانی ، لەپێناو بەدیهێنانی مافی چارەنووس، چەسپاندنی ئازادییە دیموكراسییەكان، نەهێشتنی ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی و پتەوكردنی یەكڕیزیی كوردستانی شێلگیرانە درێژە بە تێکۆشانی نەپساوەی دەدات . لەو بۆنە مێژوویەدا لە یادی 37 ساڵەی دامەزراندنی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، سڵاوی ئەمەكداری بۆ گیانی بەرزەفڕی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان ، كە لە دژی داگیرکاریی و ستەمکاریی گیانی خۆیان پێشکەش بە كوردستان کرد، سڵاو لە خانەوادە سەربەرزەکانیان، سڵاو لە گیانی بەرەنگاریی گەلەكەمان .
یادی 37 ساڵەی دامەزراندنی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لە کاتێک دایە ، جیهان و مرۆڤایەتی لەگەڵ لێکەوتەکانی شەڕ بەرەوڕووە و بژاردەی شەڕ هەڕەشە لە سەقامگیریی و ئاشتی جیهان دەکات، لەو دۆخەدا ئەنگێزەی فراوانخوازی هێزە ئیقلیمییەکان لە پەرەسەندن دایە و بەو هۆیەشەوە ئاسایشو سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ڕەوشێکی ناهەموار تێپەڕدەبێت. ئەگەرچی پیادەکردنی سیاسەتی داگیرکاریی و هێرش و بۆردومانی درۆن و فڕۆکەی جەنگی دەوڵەتی تورکیا و دەوڵەتی ئێران بۆ سەر باشوور و هەڕەشەی بەردەوامی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان پێی ناوەتە قۆناخێكی زۆر مەترسیدارەوە، بەڵام هاوکاتی ئەو مەترسیانە، خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژ بە چەوساندنەوە و ستەمکاریی لە ڕاپەڕین و فیداکاریی دایە و گەلی کوردستان لە بەشەکانی کوردستان لە هاوکێشە سیاسییەکاندا، فاکتەری گۆڕانکاریە لە ناوچەکەدا، بۆیە لەو ڕەوشە هەستیارەدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگ و ئاڵنگاریەکان، بانگ لە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەکەین ، بۆ دیالۆگێکی کوردستانی و یەکخستنی گوتارێکی سیاسی هاوبەش، پێکەوە کۆببنەوە.
-رەوشی عێراق:
لە پەرەسەندنەكانی رەوشی عێراقدا، سەرەڕای پێکهێنانی حکومەتی نوێ، هێشتا ئاماژەیەکی بەرجەستە نییە بۆ راستەرێ بوونی پرۆسەی سیاسی و دەربازبوونی عێراق لە قەیرانی سیاسی و حوكمڕانی دا، بە پلەی سەرەکی ئەوەی پەیوەستە بە هەرێمی کوردستان کارکردنە لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکانی لە عێراقدا. لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ڕەوشە و بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگاریەکان و هەموو ئەگەر و پێشهاتەکان، پێمانوایە لایەنە کوردستانییەکان بەگشتی و فراکسیۆنەکانی کوردستانی لە پەرلەمانی عێراق، پێویستیی بە دیدگای سیاسی یەکگرتوو هەیە و دەبێ بەپێی کارنامەیەکی هاوبەش ئامەدەکاریی بۆ ماف و بەرکەوتەکانی هەرێم بکرێت و کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەپێی دەستوور چارەسەر بکرێ و
کار لەسەر پێکهێنانی ئەنجومەنی فیدراڵی و یاسای نەوت و گاز و بودجە و بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان بکرێت.
-رەوشی هەرێمی كوردستان:
زەقبوونەوەی ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکان و فراوانبوونی مەودای لێکترازان، کارتێکردنی لەسەر رەوشی هەرێمی کوردستان پتر بووە و ڕەنگدانەوەی هەیە لە مامەلەکردن لە پرۆسەی سیاسی عێراق و سەقامگیریی سیاسی و ئابوری لە هەرێمدا، بۆیە پەرەسەندنەکانی دۆخی سیاسی پێویستی بە هەڵوەستەی جددی و گۆڕانكاریی لە شێوازی دەسەڵاتدارێتی و بەلاوەنانی عەقلیەتی حزبایەتی و زۆنگەرایی و چارەسەركردنی ڕیشەیی كێشەكان هەیە، لە نێوەخۆی هەرێمی كوردستاندا. لەو پێوەندەدا حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان جەخت دەکات لەسەر :
1- دیالۆگێکی کوردستانی بنیاتنەرانە و پتەوكردنی یەکڕیزیی کوردستانی.
2- ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هەڵبژاردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای پیشەیی و بێلایەنی.
3- یەکخستنی سەرچاوەكانی داهات و خەرجیەكانو بەرپاکردنی چاكسازیی ریشەیی، كە سەرجەم جومگەكانی دەسەڵاتدارێتی بگرێتەوە.
4- پێداچوونەوە بە سیاسەتی بە تایبەتیكردنی كەرتی گشتی و ڕەچاوکردنی ژیان و گوزەرانی چینە زەحمەتکێشەکان و پێشگرتن بە گرانی و فراوانبوونی مەودای هەژاری و ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی .
5- بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و نەهێشتنی دیاردەی ڕەشەکوژی و چەسپاندنی بنەماکانی ئازادی و یەکسانی.
6-چەسپاندنی سەروەریی یاساو سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و پاراستنی بنەماکانی ئازادیی تاکەکەسی و رۆژنامەگەری و فەراهەمکردنی سەرچاوەی زانیاری .
هاوکات لەگەڵ ئەم یادەدا هەڵمەتی جیهانی دژ بە توندوتیژی دژ بە ژنان بەڕێوەدەچێت و لە 10ی كانوونی یەكەمیش، جیهان یادی (74) ساڵەی جاڕی گەردوونی مافەكانی مرۆڤ دەكاتەوە، هەر لەو پێوەندەدا حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان جەخت دەکات لەسەر چەسپاندنی بنەماكانی مافی مرۆڤ و ئازادییە بنچینەییەكان و ئازادی ڕادەربڕین و مانگرتن و خۆپیشاندان و نەهێشتنی جیاكاری و توندوتیژی دژ بە ژنان و هەموو شێوەكانی چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە .
مەكتەبی سیاسیی
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
10ی کانوونی یەکەمی 2022