وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەواری عێراق، ئاماری ئەو ناوچە و باڵەخانە شوێنەوارییانە دەخاتەڕوو کە لەلایەن رێکخراوی داعشەوە وێرانکراون.
لەمبارەیەوە ئەحمەد فەکاک بەدرانی، وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەواری عێراق لە وتەیەکدا لە ریازی پایتەختی سعودیە رایگەیاند: “عێراق رووبەڕووی تووندترین هێرش و پەلاماری تیرۆریستی بووەوە کە چوار پارێزگای باکوور و نێوەڕاستی عێراقی گرتەوە”.
ناوبراو وتویەتیشی:رێکخراوی داعش زیاتر لە 5 هەزار باڵەخانە و شوێنی تێکداوە، لەوانە: 108 مزگەوت، 15 مەزارگە، 19 کەنیسە، 37 قوتابخانە، 13 بازاڕ، 431 مۆزەخانە و ناوچەی شوێنەواری.
ناوبراو داوای لە وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد، کاربکەن بۆ نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەی ئەو ناوچە و شارانەی داعش زیانی گەورەی پێگەیاندن.
ساڵی 2014 رێکخراوی داعش، بەشێکی خاکی باشووری کوردستان و عێراقی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆی؛ لە 10ی کانوونی یەکەمی 2017 حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق، کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی خاکی عێراقی لەدەستی داعش راگەیاند.