خۆپیشاندان لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بەردەوامە

خۆپیشاندان و نارەزایەتیەكان لە شارەكانی ئێران  بەردەوامە، شەوی رابردوو خۆپیشاندان لە ئەهواز و تارانی پایتەخت بەڕێوەچوو، هاوكات خۆپیشاندەران لە تەبرێز بۆ ئیدانەكردنی سەركوتكردنی خۆپیشاندانەكان، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

لە خۆپیشاندنەكاندا، خۆپیشاندەران دروشمی “مەرگ بۆ خامنەیی”، “مەرگ بۆ بەسیج” و “مەرگ بۆ ڕژێمی منداڵكوژ”یان دەگوتەوە.

هەروەها هێزە ئەمنییەكانی ئێران هێرشیان كردە سەر خۆپیشاندەرانی ناحیەی ستارخان، لە ناوەندی تارانی پایتەخت.

لەلایەكی دیكەوە مەهدی كەروبی، ڕێبەری ڕیفۆرمخواز لە ئێران لە لێدوانێكدا سەبارەت بە ناڕەزایەتییەكانی ئێران و دەركردنی حكومی لەسێدارەدان لە دژی خۆپیشاندەران، دووپاتی كردەوە كە لەسێدارەدانی موحسین شكاری پێشەكییەك بوو بۆ لەدەستدانی گیانی خەڵك.

كەروبی ڕەخنەی لە عەلی خامنەیی گرت و گوتی، خامنەیی گرنگی بە واقیعی ناڕەزایەتییەكان نادات، بەڵكو تەنها سەرنجی لەسەر كۆتاییهێنان و نەهێشتنی دەبێت و بە ئەنقەست هەموو خۆپیشاندانەكان دەگەڕێنێتەوە بۆ دوژمنەكان بۆ ئەوەی شەرعیەت بە ستەم بدات.

هاوكات لە شاری شنۆی رۆژھەڵاتی کوردستان 18 کەس دەستگیرکراون، لە شاری سنەش تەقە لە ھاوڵاتیان کراوە

رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافی مرۆڤی رایگەیاند، لە مانگرتنی شارەکانی رۆژھەڵات ھێزە ئەمنییەکانی ئێران لە شەقامی فیردەوسی شاری سنە تەقەیان لە کاسبکاران کردووە و بازاڕ و دوکانەکانیان دراونەتە بەر دەستڕێژی گوللە.

ھەروەھا ئاماژەی بۆ ئەوەش کردوە، 18 کەس لە کاسبکار و خەڵکی بازاڕی شاری شنۆ، دوای مانگرتنی گشتی، دەستبەسەرکراون و لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە.

بەپێی زانیارییەکانی ھەنگاو، سەرەڕای وەرگرتنەوەی مۆڵەتی بازرگانی لەو کاسبکارانە، ناوەندە حکومییەکان دەستیان بەسەر مۆبایلەکانیشیاندا گرتووە.

پەیوەندیدار