بڕیارە ئەمڕۆ پێنج دەستگیرکراوی شیلادزێ ئازاد بکرێن کە بڕیاربوو چوار دەستگیرکراویان دوێنێ ئازاد بکرانایە.
“بەشدار حەسەن” سەرۆکی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی بادینان رایگەیاند، دوای ئەوەی دوو ساڵ سزای زیندانییان تەواوکرد، ئەمڕۆ ھەریەکە لە “یوسف شەریف ئیبراھیم و مەحمود ناجی سدیق و کۆڤان تارق جبرائیل و نێچیرڤان بەدیع حاجی” لە چاکسازی گەورانی ھەولێر ئازاد دەکرێن. ئەگەرچی بڕیاربوو ئازادکردنەکە دوێنێ بێت، بەڵام بە بیانووی ئەوەی کە لە ئاسایش بەڵێننامەیان پێ پڕدەکرێتەوە، ئەو چوار دەستگیرکراوە ئازادکردنەکەیان بۆ ئەمڕۆ دواخراوە.
“بەشدار حەسەن” وتیشی، ھەر ئەمڕۆ “ئەمجەد یوسف مستەفا” کە چالاکوانێکی تری سزادراوی شیلادزێیە ئازاد دەکرێت.
رۆژی دووشەممە، 16-5-2022، دادگەی دووی تاوانەكانی هەولێر، پێنج کەسی دانیشتووی شیلادزێی پارێزگای دهۆکی دادگایی کرد کە نێوەڕاستی کانوونی دووەمی ساڵی 2020 دەستگیرکرابوون. دادگە بە پشتبەستن بە ماددەی یەکی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی 2003ـی پەرلەمانی کوردستان، بە تۆمەتی “تێكدانی ئاسایشی نیشتمانی” سزای دوو ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەركردبوون.