بێرنارد ئارنۆڵت، سەرمایەدار و بازرگانی فەرەنسی پلەی یەکەمی دەوڵەمەندترین پیاوی جیهانی لە ئیلۆن مەسک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تێسلا وەرگرت.
بێرنارد ئارنۆڵت خاوەنی ئیمپایەری LVMH ـە کە کۆمپانیای لوی ڤیتۆش بەشێکە لەو ئیمپایەرە. بەپێی ئامارەکانی فۆربس، ئێستا سامانەکەی 186.2 ملیار دۆلارە.
رۆژی دووشەممە, 12-12-2022 دوای داخستنی بازاڕەکان، بەهای پشکی کۆمپانیای تێسلا بە رێژەی 6.3٪ دابەزی و بەوپێیەش لە ئەمساڵدا بەهای پشکەکانی تێسلا نزیکەی نیو هێندە دابەزیوە.
دابەزینی بەهای پشکەکانی تێسلا سامانی ئیلۆن مەسکی دابەزاندووە بەو پێیەی سامانەکەی مەسک بەهۆی هەبوونی 14.11٪ی پشکەکانی تێسلایە کە ئێستا دەکاتە نزیکەی 125 ملیار دۆلار.
هەر بەپێی ئامارەکانی فۆربس، ئێستا سامانەکەی ئیلۆن مەسک 181.3 ملیار دۆلارە.
بە پێچەوانەی کۆمپانیای تێسلا، بەهای پشکەکانی کۆمپانیای لوی ڤیتۆ لە ئەمساڵدا تەنیا بە رێژەی 1.5٪ دابەزیوە و سامانی بێرنار ئارنۆڵت هێندە کەم نەبووەتەوە.
ئارنۆڵتی 73 ساڵ باوکی پێنج منداڵە و چواریان لە ئیمپایەری LVMH کار دەکەن. ئیمپایەرەکە نزیکەی 70 کۆمپانیای بواری فاشن و براندی جوانکاری لەخۆ دەگرێت.
ریزبەندی 10 دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان بەپێی فۆربس
- بێرنارد ئارنۆڵت
- ئیلۆن مەسک
- گاوتەم ئەدانی
- جێف بێزۆس
- وارێن بەفێت
- بیڵ گەیتس
- لاری ئێلیسۆن
- موکێش ئەمبانی
- کارلۆس سلیم هێلو و خێزانەکەی
- ستیڤ باڵمەر