یەکێتی ئەوروپا سزای بەسەر ژمارەیەك لێپرسراوی دیكەی ئێراندا سەپاند

یەکێتی ئەوروپا سزای بەسەر 20 لێپرسراوی ئێرانیدا سەپاند و لە بەرامبەردا ئێرانیش سزای بەسەر ژمارەیەک کەسایەتی و چەند دامەزراوەیەکی یەکێتی ئەوروپادا سەپاند.

وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە کۆبوونەوەیەکدا، 20  لێپرسراو و دەزگای ئێرانییان خستنە لیستی سزاکانەوە، کە لەنێویاندا دامەزراوەی تەلەفزیۆنی ھەیە.

یەکێتی ئەوروپا لە راگەیەندراوێکیشدا بڵاویکردەوە، ئەو سزا نوێیانە بەھۆی ئەو توندوتیژییانەیە کە لێپرسراوانی ئێران بەرامبەر خۆپیشاندەران ئەنجامی دەدەن.

لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، 5 دامەزراوە و 10 کەسایەتی یەکێتی ئەوروپا خرانە لیستی سزاکانەوە.

راشیگەیاند، ئەو لایەنانە پشتیوانی ئاژاوە و خۆپیشاندانەکان دەکەن، سزاکانیش رێگریکردن لە چوونی ئەو کەسانە بۆ ئێران و سەروەت و سامانەکانیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئێران و پێنەدانی ڤیزا پێیان، دەگرێتەوە.

پێشتریش یەکێتی ئەوروپا سزای بەسەر 40 کەسایەتی و 7 دامەزراوەی ئێرانیدا سەپاندبوو، بەھۆی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لە دەربڕینی ناڕەزایی و داواکردنی مافەکانیان.

لەلایەكی دیكەوە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، سزا نوێیەکانی یەکێتی ئەوروپا سوپای پاسدارانی ئێران دەکەنە ئامانج.

ئەنالینا بێربۆک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ سزا نوێیەکاندا، بە دیاریکراوی ئەو کەسانەیان كردۆتە ئامانج کە بەرپرسن لە توندوتیژییەکان دژی خەڵکی بێتاوان.

هاوکات، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، رایگەیاند، وڵاتەکەی دژی هەر پێشیلکاری و سەرکوتکردنێکی مافەکانی مرۆڤە، لەو چوارچێوەیەشدا، سزایان بەسەر ئەوانەدا سەپاند کە تێوەگلابوون لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران.

جەیمس کلێڤەرلی وتیشی، هەڵوێستی وڵاتەکەی زۆر روونە لەبارەی رێگەگرتن لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێران و بە هەموو شێوەیەک دژی ئەو هەوڵانە دەوستنەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، سزایان بەسەر ئەوانەدا سەپاند کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیی ئێرانییان بۆ رووسیا دابین کردبوو کە رووسیا بۆ بە ئامانجگرتنی ژێرخانی مەدەنی و هاووڵاتییانی مەدەنی لە ئۆکراینا بەکاری هێنابوو.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا سزایان بەسەر چەند کەسایەتی و قەوارەیەکدا سەپاند کە تێوەگلابوون لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران.

پەیوەندیدار