ئەمڕۆ چوارشەممە، پەیامنێرانی بێسنوور راپۆرتێکی لەبارەی دۆخی رۆژنامەنووسانی جهانەوە بۆ ساڵی ٢٠٢٢ بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەداوە لەمساڵدا ٥٧ رۆژنامەنووس کوژراون و ٥٣٣ رۆژنامەنووسی دیکەش دەستگیرکراون.
ئاماژەی بەوەشداوە، رێژەی دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسان لە جیهاندا بە رێژەی ١٣.٤٪ بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادی کردووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ئێستا ٧٨ رۆژنامەنووس لە زیندانەکاندا و لە ١٠ مانگی رابردوودا زیندانیکردنی رۆژنامەنووسان زیادی کردووە و ١٥٪ـی ئەو رۆژامەنوسانەی زیندانی کراون ژنن.
باسی لەوەشکردووە، چین پێگەی خۆی وەک گەورەترین زیندان بۆ رۆژنامەنووسان لە جیهاندا پاراستووە و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە لانیکەم ١١٠ رۆژنامەنوسیان زیندانی کردووە و رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور بەردەوام دەبێت لە لێکۆڵینەوە لەو پێشێلکارییانەی بەرامبەر رۆژنامەنووسانی چینی دەکرێت.
دەشڵێت، کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای یەک مانگ لە خۆپیشاندانی بەرفراوان لە سەرانسەری وڵات لە پلەی سێیەمی لیستی گەورەترین زیندانەکانی جیهان بۆ رۆژنامەنووساندایە و لەمساڵدا ٤٧ رۆژنامەنوسیان دەستبەسەر کردووە.
رێکخراوەکە راشیگەیاند، لەمساڵدا رێژەی کوشتنی رۆژنامەنووس ١٨.٨٪ زیادی کردووە بە ٥٧ رۆژنامەنووس لە سەرانسەر جیهاندا کوژراون و لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢١ ـدا ٥٠ رۆژنامەنووس کورژرابوون.