سکالۆنى ڕایگەیاند لە یارى کۆتاییدا ڕووبەڕووى هەڵبژاردەیەکى بەهێزدەبنەوە و شانازیش دەکات میسى یاریزانى وڵاتەکەیانە.
لیۆنێل سکالۆنى ڕاهێنەرى ئەرجەنتین دواى بردنەوەکەى بەرامبەر کرواتیا و سەرکەوتنیان بۆ یارى کۆتایى مۆندیالى قەتەر ئاماژەى بەوەکرد، ئەنجامى یارییەکە ڕەگدانەوەى باڵادەستى ئەرجەنتین بووە لە یارییەکەدا و پێشیوایە کرواتیا یارییەکى باشى کردووە.
سکالۆنى دەڵێت “دواى گۆڵى یەکەم شێوەى یاریکردنمان گۆڕى و چێژمان لە یارییەکە وەرگرت، ئێستاش هەنگاوێکمان ماوە بۆ بەدەستهێنانى ئامانجى کۆتایى و پێویستە سەرنجەکانمان وردبکەینەوە”.
باسى لەوەشکرد، دۆڕاندنەکەیان بەرامبەر سعودیە شۆکى کردوون و سوپاسى هاندەرانى کرد کە ئەو کاتە پاڵپشتییان کردوون و دەشڵێت “ئێستا ئەرجەنتین لە یارى کۆتاییدایە و مێژووى نوسییەوە، هەوڵیش دەدەین نازناوەکە بەدەستبهێنین و ئاهەنگ بگێڕین”.
سکالۆنى جیاوازى لە نێوان مەغریب و فەڕەنساشدا ناکات و پێیوایە لە یارى کۆتاییدا ڕووبەڕووى هەڵبژاردەیەکى بەهێز دەبنەوە و ڕێزى لێدەگرن.
لە بارەى لیۆنێل میسیشەوە سکالۆنى دەڵێت “شانازى دەکەم باشترین یاریزان لە وڵاتەکەماندایە و ڕاهێنەرایەتى دەکەم، هەست بەوەدەکەم زیاتر هانم دەدات بۆ پێشکەشکردنى هەموو ئەوەى هەمە لە پێناوى ئەرجەنتیندا، دواى ئاهەنگێڕانەکانیشمان سەرنجمان دەخەینە سەر یارى کۆتایى و هەموشمان بۆ ئەو یارییە ئامادەین”.