رێكخراوی تەندروستی جیهانی پێشبینی دەكات، لە ساڵی 2023 پەتای كۆرۆنا و ئاوڵەی مەیمون كۆتاییان بێت و قۆناغی مەترسی تێپەڕێنن.
تیدروس ئەدهانۆم بەڕێوەبەری گشتی رێكخراوەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی، یەكێك لەو وانانەی كە لە پەتای كۆرۆناوە فێربووین ئەوەیە كە لەسەر دەوڵەتان پێویستە وەڵامی خێرایان هەبێت كاتێك پەتایەك بڵاودەبێتەوە.
باسی لەوەش كردووە، لە ئێستا ژمارەی ئەو كەسانەی بە پەتای كۆرۆنا گیان لەدەست دەدەن لەچاو پێشوودا كەمە، هەفتەی رابردوو كەمتر لە 10 هەزار كەس گیانیان لەدەستداوە، ئەو ژمارەیە هێشتا زۆرە و لەسەر دەوڵەتان پێویستە كاری زۆر بكەن بۆ پاراستنی ژیانی هاوڵاتیانیان.
بەڕێوەبەری گشتی رێكخراوی تەندروستی جیهانی جەختی لەوەش كردووەتەوە، هەنگاوێكی درێژیان ناوە و هیوایان ئەوەیە لەمساڵدا بتوانن بڵێن كە چیتر كۆرۆنا حاڵەتێكی فریاكەوتنی تەندروستی جیهانی نییە، بەڵام ڤایرۆسەكە كۆتایی نایەت و لەسەر دەوڵەتان پێویستە كە فێربن چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەكەن، هەروەها هیوایان ئەوەیە بەهەمان شێوە ساڵی داهاتوو كۆتایی بە مەترسیەكانی ئاوڵەی مەیمون بێت.