سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ سزای دو ساڵ و حەوت مانگ زیندانیکردنی بە سەردا سەپێندرا

بە تۆمەتی “بێڕێزیکردن و سووکایەتیکردن بە سەرۆک و ئەندامانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا” سزای دوو ساڵ و حەوت مانگ و 15 رۆژ زیندانیکردن و قەدەخەی سیاسەتکردنی بەسەر سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیستەنبووڵ سەپاند.

ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 14ـی کانوونی یەکەمی 2022 چوارەم دانیشتنی پرۆسەی دادگاییکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ بە ئامادەبوونی 65 پارێزەری تایبەتی ئیمامئۆغڵو، جەهەپە و خۆبەخش بەرێوەچوو.

سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی لە هەر چوار دانیشتنی دادگاییکردندا لە پاڵ داوای قەدەخەی سیاسەتکردن، داوای چوار ساڵ و مانگێک و 15 رۆژ بەندکردنی بۆ ئیمامئۆغڵو کرد. سەرباری ئەمەش ئیمامئۆغڵو لەبەردەم دادوەراندا داکۆکیکرد بەڵام بڕیارەکە لەلایەن دەستەی دادوەران خوێندرایەوە و بڕیاری دوو ساڵ و حەوت مانگ و 15 رۆژ زیندانیکردن و لەگەڵ قەدەخەی سیاسەتکردن بەسەر ئیمامئۆغڵو سەپێندرا.
لە یەکەم کاردانەوەی دوای بڕیاری دوو ساڵ و حەوت مانگ و 15 رۆژ زیندانی و قەدەخەی سیاسەتکردن لێی، ئەکرەم ئیمامئۆغلو، سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیستەنبووڵ رایگەیاند، ئەو دەسەڵاتەی دادگەی کردە ئامرازی سیاسەتکردن، خۆیان تێیدا دادگایی دەکرێن.

ئیمامئۆغڵو لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا کە ساڵی 2019 بەڕێوەچوو، بەربژێری هاوپەیمانیی میللـەت بوو، کە جەهەپە و ئیی پارتی پێکیانهێنا و هەدەپەش پشتیوانی کرد. دوای 25 ساڵ بە پشتیوانیی کورد، گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵی لە دەستی ئاکپارتی دەرهێنا.

ئیمامئۆغڵو دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی 31ـی ئاداری 2019دا تەنیا 18 رۆژ سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ بوو و دواتر قەییوومی بۆ دانرا و بە بڕیاری دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئیستەنبووڵ دووبارە کرانەوە.

ئیمامئۆغڵو رۆژی 23ـی حوزەیرانی 2019، بە بەدەستهێنانی 806 هەزار و 426 دەنگ، لە بینالی یڵدرمی رکابەری کە بەربژێری ئاکپارتی بوو، بردەوە و لە ماوەی سێ مانگدا بۆ دووەمجار وەک سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ هەڵبژێردرایەوە.

ئیمامئۆغڵو لە شەوی 6ـی ئایاردا گوتارێکی پێشکێشکرد و تێیدا سەرۆک و ئەندامانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بە دارودەستەی دەسەڵات و گەندەڵکار ناساند و رایگەیاندبوو کە دزی لە دەنگی خەڵک دەکەن.

بەو هۆیەوە، داواکاری گشتیی کۆماری لە ئیستەنبووڵ لە سەرەتای مانگی ئاداردا لەسەر سکاڵای کۆمسیۆن، داوای چوار ساڵ زیندانیکردن و قەدەخەی سیاسەتکردن و قەیوومکردنی شارەوانییەکانی کرد و دادگەی تاوانەکانی پلە یەکی ئیستەنبووڵ داواکەی پەسندکرد.

رۆژی 11ـی ئایاری 2022، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بەمەبەستی لێکۆڵینەوە سەردانی دادگەی کرد و گوتەی لێ وەرگیرا. وەک تەحەددایەک بۆ دەسەڵاتی ئاکپارتی، 51 پارێزەر یاوەری ئیمامئۆغڵویان کرد و لە دەرەوەی باڵەخانەی دادگەدا هەزاران ئەندام و لایەنگرانی جەهەپە و پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەندیکاکان گردبوونەوە.

پەیوەندیدار