هیوا سەید سەلیم
وەک هەڵوێستیک لەبەرامبەر سیاسەتی توندوتیژی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرکوتکردنی شۆڕشی ” ژن ژیان ئازادی” کە “ژینا ئەمینی” بە خوێنی ئاڵی خۆی چەغماغەی ئەو شۆڕشەی لێدا،کۆمسیۆنی ژنانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان UN لە کۆبوونەوەی رۆژی 14/12/2022، بڕیاریدا بە دەرکردنی ئێران لەو ئاژانسە گرنگە.
شایانی باسە، کۆمسیۆنی ژنان بەشێکە لە لیژنەی ئابووری و کۆمەڵایەتی کە لیژنەیەکی گرنگە لە کۆی ئەو شەش لیژنانەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان UN پێکدەهێنن، کۆمسیۆنی ژنان ساڵی 2010 بە ئامانجی بەدەستهێنانی یەکسانی جێندەری لە نێوان ژن و پیاو ، نەهێشتنی جیاکاری بەدەنگی ئەندامانی لیژنەی ئابووری و کۆمەڵایەتی کە لە 54 ئەندام کە نوێنەرایەتی وڵاتەکانیان دەکەن پێکهات، ئەندامانی ئەو لیژنەیە بە پێی جوگرافیا لە کۆی ئەو 54 وڵاتە پێکدەهێت، هەر وڵاتێک بۆ ماوەی 4 ساڵ دەتوانێت ئەندامی ئەو کۆمسیۆنە بێت و بۆ یەک خولیش مافی دووبارە بوونە ئەندامیەتی دەبێت.
ئێران ساڵی 2021 وەک ئەندام بۆ کۆمسیۆنی ژنان هەڵبژێردراوە، بەڵام بە هۆی ئەو ڕەخنانەی لێیدەگیرن لە بەرامبەر کوشتنی ژنان و سەرکوتکردنی ئازادیەکان و لە سێدارەدانی چالاکوانان، لەسەر پێشنیاری نوێنەری وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە لیژنەی ئابووری و کۆمەڵایەتی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان بە دەنگی زۆرینەی ئەندامان بڕیاری لێسەندنەوەی ئەندامیەتی ئێران لەو کۆمسیۆنە درا.
بڕیاری دەرکردنی ئێران بە دەنگی زۆرینەی ئەندامان کە 29دەنگی ئەرێ وەرگیراوە، ئەگەرچی لە کۆی ئەو وڵاتانەی دەنگیان داوە 8 وڵات بە دژ دەنگیان داوە، بەڵام سەرەنجام ئێران کورسی ئەندامیەتی لەو کۆمسیۆنە لە دەستداوە، شایانی باسە دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی “ژینا ئەمینی” ئەوە دووەم بڕیارە لە نەتەوەیەکگرتووەکان دژ بە ئێران دەردەچێت، پێشبینی ئەوە دەکرێت هی دیکەشی بەدواوە بێت چونکە بەرەی پشتیوانی لە ئێران لە ناو نەتەوەیەکگرتووەکان لاوازە.
شایانی باسە، کۆماری ئیسلامی ئێران کاردانەوەی بەرامبەر بڕیارەکە هەبووە، ئەمیر سەعید ئیراوانی، کە نوێنەری وڵاتەکەی دەکات لە نەتەوەیەکگرتووەکان، لە بەرامبەر دەرکردنی وڵاتەکەی لە کۆمسیۆنی ژنان ڕایگەیاندبوو کە ئەو بڕیارە دیاردەیەکی مەترسیدارە لە نەتەوەیەکگرتووەکان.
ئێران لە سێ مانگی ڕابردوو سەدان چالاکوانی لە خۆپیشاندەران شەهیدکردووە بە هەزارانیشی ڕاپێچی زیندانەکان کردوە لە ناویاندا ژن و منداڵ هەیە، دۆسیەی شەهیدکردنی “ژینا ئەمینی” لە لایەن پۆلیسی بەناو ئەخلاق لە لایەک کاردانەوەی جیهانی لێکەوتەوە و، لەسەر ئاستی ناوخۆی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیش “ژینا” بۆتە سونبلی شۆڕش و سەرهەڵدان.
ئەگەر لەسەر ئاستی جیهان بە تایبەت نەتەوەیەکگرتووەکان و، یەکێتی ئەورپا، دادگای مافی مرۆڤی سەربە یەکێتی ئەورپا و، ڕای گشتی جیهانی، فشاری زیاتر نەخرێتە سەر رژێمی ئێران، ئەوا ئێران لە سیاسەتی خۆی بۆ کووشتنی ژنان و پەلکێشکردنی چالاکوانان بۆ کونجی زیندان و، دواتر لە سێدارەدانیان بەردەوام دەبێت.
بۆ ئەم مەبەستە ئۆپۆزسیۆنی ئێران و رۆژهەلاتی کوردستان دەبێت لەسەر دوو ئاڕاستە کاربکەن، یەکەم درێژەدان بە شۆڕش و پشتیوانیکردن لە ناڕەزاییەکانی ناوخۆ، دووەمیش کارکردنە لەسەر ئاستی دبلۆماسی بۆ زیاتر فشارخستنە سەر ئەو رژێمە تا دەست لە سەرکوتکردنی خەڵک هەڵگرێت و بچێتە ژێر باری داخوازیەکانی خەڵک .