دانوستانەكانى نێوان تورکیا و عێراق لەسەر پشکی ئاو دەستپێدەکاتەوە

وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق دەڵێت دانوستان لەگەڵ تورکیا و ئێران لەسەر پشکی ئاو دەستپێدەکەنەوە، بانکی نێودەوڵەتیش ھۆشداری دەدات لە کەمبوونەوەی ئاو لەعێراق.

وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو لە عێراق لە راگەیەنراویکدا رایگەیاند، لیژنەی تەکنیکی دانوستانکار لەگەڵ تورکیا و ئێران دەستبەکارکردن دەکەنەوە.

وتیشی ئاستی ئاوی روباری دیجلە و فورات زۆر دابەزیوە، ھۆکاری سەرەکیش بۆ دروستکردنی بەنداو و زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و کەمی باران بارین دەگەڕێتەوە.

وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو ئەوەشی خستەڕوو، قەبارەی ئاو لە بەنداو و کۆگاکاندا لە ئێستادا گەیشتووەتە لە ١٢%ی توانای عێراق کە ئەوەش رێژەیەکی زۆر کەمە.

ھاوکات بانکی نێودەوڵەتی ھۆشداریداوە لەوەی بەھۆی گۆڕانکارییەکانی کەش و ھەوا و بەھەدەردانی ئاو، پێدەچێت تا ساڵی ٢٠٤٠ عێراق ٢٠%ی ئاوەکەی لەدەستبدات.

بانکی نێودەوڵەتی راشیگەیاند، دەبێت رێکاری پێویست بگیرێتە بەر، ئەگەر نا کاریگەری گەورە لەسەر ژیانی جووتیاران دروست دەبێت و زیانی گەورە بەر عێراق دەکەوێت.

پەیوەندیدار