نووسینگەی رۆژنامەڤانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، برێت مەکگۆرک، رێکخەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سوودانی کردووە.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا مەکگۆرک پیرۆزبایی لە سوودانی کردووە بەهۆی دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆکوەزیرانی عێراق. هەروەها، بەڵێنی بەردەوامی پاڵپشتییەکانی ئەمریکای بۆ عێراق بە مەبەستی “پاراستنی ئاسایش و سەروەری و خواستی سەرۆک بایدن بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە ستراتیژییە دووقۆڵییەکان” بە سوودانی داوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراقیش بە مەکگۆرکی گوتووە کە عێراق وڵاتێکی سەروەر، یەک پارچە و سەربەخۆیە و پێشینەکانی ئەم حکومەتە بریتییە لە دروستکردنی هاوئاهەنگی ئابووری لە ناوچەکە و لە تەواوی جیهان.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا هەردوولا جەختیان لەسەر رووبەڕووبوونەوەی داعش و مەترسییەکان کردووەتەوە.
سوودانی نیازی خۆی بۆ ناردنی شاندێک بە سەرۆکایەتیی وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ واشنتن دی سی بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات بەپێی رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی دووپاتکردەوە. لە سەردانەکەدا شاندەکەی عێراق باس لە وەبەرهێنانی بیانی لە بواری وزە و گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراق دەکەن.