بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، بە ئامانجی کۆنتڕۆلکردنی نرخی دۆلار و گەڕاندنەوەی بازاڕی دراوی بیانی بۆ دۆخی سروشتی خۆی چوار بڕیاریان دەرکردووە. دەشڵێت، “هەوڵی کەمکردنەوەی نرخی دۆلار دەدەین و هەوڵدەدەین بەهای هەر دۆلارێک بە بڕی ١٤٦٥ دینار بێت لەبری ١٤٧٠ دینار”.
رۆژی دووشەممە، بانکی ناوەندی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، رێگە بەو بانکانە دەدەن کەبەشدارن لە کڕین و فرۆشتنی دراوی بیانیدا بۆ کڕینی هەر بڕە پارەیەک بەدراوی بیانی و بیخەنەسەر ئەو هەژمارانەی کە بۆ مەبەستی گواستنەوەی دەرەکی بەکار دەهێنرێن.
ئاماژەی بەوەشدا، بەگوێرەی بڕیاری ئەو بانکەی کڕین و فرۆشتن بە دراوە بیناییەکانەوە دەکات سوود و داهاتی دەچێتە سەر هەژمارەکەی.
بانکی ناوەندی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، لەرێگەی بانکە عێراقییەکان و دابینکردنی خواستی گواستنەوەی دەرەکی ئاسانکاری لەبەردەم کەرتی تایبەتدا دەکەن، ئەمەش بە ئامانجی پاراستنی باڵانسی بانکەکان جگە لە دۆلاری ئەمریکی لەڕێگەی مامەڵەکردن بەدراوە بیانییەکانی دیکەوە دەپارێزن.
باسی لەوەشکرد ، دەرگای فرۆشتنی دراوی بیانی لە بانکە حکومییەکان بە گشتی بۆ مەبەستی گەشتکردن بۆ چارەسەری نەخۆشی، حەج و عەمرە، خوێندن و هاوشێوەکانیان کراونەتەوە.
لە راگەیەنراوەکەیدا بانکی ناوەندی عێراق ئەوەشی خسووەتەڕوو، “هەوڵی کەمکردنەوەی نرخی دۆلار دەدەین و هەوڵدەدەین بەهای هەر دۆلارێک بە بڕی ١٤٦٥ دینار بێت لەبری ١٤٧٠ دینار، ئەمەش لەپێناو ئاسانکاری بۆئەوانەی لەرێگەی ئینتەرنێتەوە مامەڵەدەکەن.
سوودانی هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاری ئاشکرا کرد

سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، “بوونی کۆمپانیای وەهمی کە رۆژانە دۆلاریان بردووەتە دەرەوەی وڵات هۆکاربووە بۆ گرانبوونی نرخی دۆلار”.
محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، پرۆسەی ئاڵوگۆڕکردنی دراوی کۆمپانیا ساخەتە و وەهمییەکان راگرتووە.
دەشڵێت، چەندین دەروازە هەن کە زیادەڕۆیی دەکەن لە نرخی فرۆشتنی دۆلار دا.
ئەوەشی خستەڕوو، داوایان لەبانکی ناوەندی کردووە رێکاری خێرا بگرنە بەر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نرخی دۆلار.
سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لەوەشکرد، بەهۆی بوونی کۆمپانیای وەهمییەوە کە دۆلارییان بردووەتە دەرەوەی وڵات نرخی دۆلار بەرزبووەتەوە.
محەمەد شیاع سوودانی راشیگەیاند، بەمەبەستی دابەزاندنی نرخی دۆلار بڕیاریدا، لە بانکە حکومەییەکاندا یەکەی فرۆشتنی دۆلار بکرێتەوە.
باسی لەوەشکرد، چاودێرییەکی وردی پرسی نرخی دۆلار دەکەن و چەند بنکەیەکی فرۆشتنی فەرمی دۆلار لە بانکە حکومییەکان دەکەنەوە و بانکی ناوەندیش نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار کەمدەکاتەوە.