لە خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی كوردستان و شارەكانی دیكەی ئێران زیاتر لە 502 كەس کوژراون

لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان، زیاتر لە 500 کەس کوژراون و زیاتر لە 18 ھەزار و 450 کەسیش دەستگیرکراون.

ئاژانسی ھەواڵیی “ھرانا”ی ئێرانی راپۆرتێکی بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ لە ناوخۆی ئێران بڵاوکردەوەو رایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان کە لە 17ی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵەوە دەستیانپێکردووە، لانیکەم 502 کەس کوژراون، کە 69 کەسیان تەمەنیان لە خوار 18 ساڵەوە بووە.
راشیگەیاند، ھەر لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەوە، 18 ھەزار و 452 کەس دەستگیرکراون، کە تەنھا ناسنامە و شوێنی دەستبەسەرکرنی سێ ھەزار و 941 دەستگیرکراو بۆ رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ ئاشکرا بووە.
بە پێی راپۆرتەکە، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان 171 شار و شارۆچکەی ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە و خوێندکارانی 144 زانکۆ لە سەرانسەری ئێران بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کردووە و بەو ھۆیەوە 652 خوێندکار دەستگیرکراون.

پەیوەندیدار