لێژنەی کاری هاوبەشی چەپی كوردستانی ياداشتنامەیەك بڵاودەكاتەوە

ياداشتنامەیەك بۆ :
پەرلەمانی كوردستان
حكومەتی هەرێمی كوردستان
لایەنە سیاسییەكان
هەموولایەك بارودۆخی جوتیارانی كوردی سنوری ماددەی (140) دەبینن بە پلان و پاڵپشتی دەسترۆیشتوانی پارێزگای كەركوك و هێزە ئەمنییەكان ڕووبەڕووی هێرش و پەلاماردانی هەندێك لە عەرەبە هاوردەكان دەبنەوە و ساڵانە لە كاتی وەرزی چاندن و دەروێنە دەستدرێژی دەكرێتەسەریان و زەوی و بەروبومەكانیان دەستی بەسەردادەگیرێت، لە لایەكی تر لە لایەن هەندێك لە هێزەچەكدارەكان بە ئاشكرا سەرانە لە جوتیارانی كورد بە تایبەتی و هەندێك جاریش لە جوتیارانی عەرەب و توركمانی ناوچەكەش وەردەگیرێت .
لە لایەكی تر پێشێلكارییەكان گەیشتۆتە ئاستێك ئەو هێزە شۆڤینیانە بۆ پاكتاوكردنی كورد و داگیركردنی زەوییە كشتوكاڵییەكان دەست لە هیچ ناپارێزن، ئەوەی لە چەند رۆژێك لەمەوبەر لەسنوری داقوق روویدا دژ بە جوتیارانی كورد تەنها حاڵەتێك نیە و بۆتە دیاردەیەكی بەرچاو بە تایبەتی دوای داگیركردنەوەی ئەو ناوچانە هەرجارەی بەشێوەیەك دووبارە دەبێتەوە، ئەمەش بەشێكە لەو هەوڵەی لە مێژووی كۆن و تازەدا بۆ گۆرینی ناسنامەی دیموگرافی ناوچەكە و پرۆسەی بەعەرەبكردن، ئەنجام دەدرێت .
لە ئاست ئەو بارودۆخە مەترسیدارەدا ئەم هەنگاوانەی خوارەوە بە كارێكی بەپەلەو گرنگ دەزانین :
1- ئەركی حكومەتی هەرێم و نوێنەرانی كوردە لەئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانی عێراق كە بەزوترین كات بەدواداچوونی جدی لەبەرامبەر ئەو بارودۆخەدا بكات و چیتر بێ‌ دەنگ نەبن و كاربكەن بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140 .
2- پێویستە بریاری 29ی ساڵی 2012 ی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی بریاری ئەنجومەنی سەركردایەتی بەعس بەشی باكور جێبەجێبكرێت .
3- پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكایەتی هەرێم وحكومەتی هەرێم، خۆی بە بەرپرسیار بزانێت لەبەرامبەر ئەو ڕووداوانەی دژ بە جوتیارانی كورد روودەدا و پێویستە كارنامەیەكی هاوبەشی كوردستانی میللی لەبارەی چۆنیەتی چارەسەركردن و جێبەجێكردنی مادەی 140 ئامادەبكرێت .
4- حكومەتی هەرێم پاڵپشتی لە جوتیارانی ناوچەكە بكات ئەوانەی لە ئەنجامی هێرشی شۆڤینانە و پەراوێزخستنی حكومەتی عێراق توشی زیان و كێشەی زۆر بونەتەوە .
سەبارەت بە جوتیارانی ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش ئەم خاڵانەی خوارەوە وەك ئەركی هەنوكەیی حكومەتی هەرێم دەخینەڕوو :
1- لە كاتێكدا تادێت نرخی سوتەمەنی وكێڵان و سەماد و پێداویستییەكانی كشتوكاڵكردن گرانتردەبێت و بەجۆرێك كاریگەری راستەوخۆی كردۆتە سەر بەرهەمی كشتوكاڵی و باری ژیانی جوتیاران كەچی حكومەتی هەرێم هیچ بەرنامەیەكی پاڵپشتیكردنی بەرهەمی ناوەخۆیی و جوتیاران و كەرتی كشتوكاڵی نییە .
2- كاری بەپەلەی حكومەتی هەرێمە پاڵپشتی جوتیاران بكات لەڕووی پێدانی بنەتۆی باوەڕپێكراووسەماد و مادەی قڕكەر وەك ئەوەی حكومەتی عێراق بەهەمان بڕو نرخ بۆ جوتیاران دابەش بكرێت لەگەڵ پێدانی رێنمایی زانستی لەبارەی چۆنیەتی بەكارهێنانی سەماد و مادە كیماییەكان بەجۆرێك كاریگەری لەسەر ژینگە و لایەنی تەندروستی گشتی نەبێت .
3- گەڕاندنەوە و سڕینەوەی ئەو بڕەپارەیەی لە جوتیاران وەردەگیرێت بە بڕی %3 لە پارەی بەرهەمی گەنمی ڕادەستكراو بە سایلۆكان بەناوی پاڵپشتی، لە كاتێكا جوتیاران پاڵپشتی نەكراون .
4- هاوكاریكردنی خاوەن ئاژەڵەكان بەپێدانی ئالیك و پێدانی سوتەمەنی بەجوتیاران هاوشێوەی جوتیارانی ژێردەسەڵاتی حكومەتی عێراق ودیاریكردنی نرخی گونجاوبۆكێڵانی زەوی .
5- بە بازاركردنی بەرهەمی ناوەخۆیی و كڕینەوەی بەرهەمی ئەمساڵی (دەرە) لەجوتیاران بەنرخێكی گونجاو بۆ ئەوەی جوتیاران توشی زیانی زیاتر نەبن چونكە لە 60٪ ئەو جوتیارانەی ئەمساڵ گەنمەشامیانكردووە بەهۆی نەبونی بازار تائێستاش نەیان دوریتەوە لە كاتێكا وەرزی چاندن بەرەو كۆتایی دەچێت و هەزاران جوتیار ناتوانێت ئەمساڵیش سود لە زەوییەكەی وەربگرێت .
6- دانانی پلانێكی ستراتیژی لەبارەی گۆڕانی كەش و هەوای كوردستان و كەم بونەوەی ئاوو لە دەستدانی ناوچە سەوزایی و دارستانەكان و پیس بوونی هەوای كوردستان .
7- سوود وەرگرتن لە ئاوی سەر زەوی و دروستكردنی بەنداوی جۆراوجۆر .
8- رێگریكردن لە ئیفرازكردنی زەوی كشتوكاڵ و ئیستغلالكردنی بەناوی پرۆژەی پیشەسازی .
لێژنەی کاری هاوبەشی چەپی كوردستانی

حزبی شیوعی كوردستان
حزبی زحمەتكێشانی كوردستان
بزووتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان .

21/12/2022

A:Bestun latef

پەیوەندیدار