پارێزگاری هەولێر: 6000 یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان بە باشترین شێوە دروست دەکەین

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، ئەو شەش هەزار یەکە نیشتەجێبوونەی بڕیارە لە هەولێر دروست بکرێت، لەڕێگەی باشترین وەبەرهێنەرانی کوردستان و بە بەرزترین کوالێتی و جوانترین شێواز، لە دوو شوێنی زۆرباشی هەولێر لە نێوان شەقامی 120 مەتری و 150 مەتری دروستدەکرێن.

ئەو قسانەی پارێزگاری هەولێر لە کۆبوونەوەیەکدا هات کە رۆژی چوارشەممە، 21-12-2022، لەگەڵ بەرپرسە ئیدارییەکانی پارێزگاکە بۆ دروستکردنی شەش هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كرێنشینان و كەمدەرامەتان کۆبوونەوەکە کرا.

بەپێی راگەیێندراوی پارێزگای هەولێر، لەو کۆبوونەوەیەدا باسی پرسی دابینکردنی زەوی و وردەکاریی تەکنیکی و دیزاین و چۆنیەتیی دروستکردن و دەستپێکردنی پڕۆژەکە لەلایەن سەرۆکایەتیی شارەوانی و به‌ڕێوه‌به‌رایەتیی نه‌خشه‌دانان و ئاوه‌دانی هه‌ولێر کرا.

رۆژی 31ـی ئایاری 2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بەدواداچوون و رێکارەکانی جێبەجێکردن و دروستکردنی 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی کرد و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد کە لە زووترین کاتدا دەست بە رێکارەکانی دروستکردنی ئەو یەکانە بکرێت.

پارێزگاری هەولێر لەوبارەیەوە رایگەیاند، “لە کۆبوونەوەکەدا لیژنەیەکی تایبەت بۆ دەستکردن بە پرۆسەی هەڵاواردن و جیاكردنەوەی ناوی ئەو 59 هەزار هاووڵاتییەی لە سنووری هەولێر پێکهێنرا کە فۆرمی داواکاریی وەرگرتنی یەکەکانیان پڕکردووەتەوە.”

هەروەها دەڵێت: “دواتر لە پرۆسەیەکی شەفاف و دادپەروەرانەدا بە شێوازی تیروپشک داواکارانی دەرچوو بۆ وەرگرتنی شەش هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دیاری دەکرێن و دەرچووان دەبێت 100% شایستە بن و هەموو ئەو مەرجانەی کە دانراون، بیانگرێتەوە.”


پەیوەندیدار