سەرۆكی حكومەت: داواکارم رەوەندی کوردی لە پاریس دان بەخۆیاندا بگرن

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی هێرشەکەی پاریس بۆ سەر کۆمەڵگەی کوردی دەکات کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی سێ هاوڵاتی خەڵکی باکووری کوردستان و دەڵێت: “داوا لە رەوەندی کوردی دەکەم دان بەخۆیاندا بگرن. با بە هیچ شێوەیەک بیانوو بۆ تووندوتیژی بەدەستەوە نەدەین”.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، زنجیرە تویتێکی بە زمانی ئینگلیزی دەربارەی هێرشەکەی پاریس بڵاوکردەوە و رایگه‌یاندووه‌: زۆر نیگەرانم لەو هێرشە قێزەونەی کرایە سەر ڕەوەندی کورد لە پاریس. هاوخەمم لەگەڵ کەسوکاری قوربانییەکان. داوا لە ڕەوەندی کورد دەکەم کە دان بەخۆیاندا بگرن و بە هیچ شێوەیەک “بیانوو بۆ توندوتیژی بەدەستەوە نەدەین.”

راشیگه‌یاندووه‌: باوەڕمان بە هاوبەشە فەرەنسییەکانمان هەیە کە هەموو هەوڵێک دەخەنەگەڕ بۆ پاراستنی ڕەوەندی کورد لە سەرانسەری وڵات و دادگاییکردنی ئەنجامدەرانی هێرشەکە.

مه‌سرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکردووە، گەلی فەرەنسا چەندان جار پشتیوانی ئێمەی کردووە. ئێمە زۆر شتی هاوبەشمان هەیە؛ بەیەکەوە ڕووبەڕووی تیرۆر دەبینەوە و میوانداری ئەو کەسانە دەکەین کە بەهۆی توندوتیژی و شەڕەوە ئاوارە بوون. ئەو پەیوەندی و دۆستایەتییەی لە نێوانماندا هەیە، زۆر لە ئەجێندای ڕقاوی ئەوانەی تاوانەکەیان ئەنجامداوە، بەهێزترە.

دوێنی هەینی، 23ـی 12ـی 2022، هاوڵاتییەکی فەرەنسی لە ناوەندی شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا تەقەی لە ناوەندی کولتووریی ئەحمەد کایا و سەرتاشخانەیەک کرد و لە ئەنجامدا سێ هاوڵاتی کوژران و سێ کەسی دیکەش برینداربوون.

پەیوەندیدار