زریانێکی مەترسیداری زستانە رووی لە بەشێک لە ویلایەتەکانی ئەمریکا کردووە و تاوەکو ئێستا لانیکەم 22 کەس بەهۆی سەرما و هۆکاری دیکەی پەیوەست بە کەشوهەوای سەخت گیانیان لەدەستداوە. هاوکات کارەبای سەروو ملیۆن و نیوێک ماڵ بەهۆی زریانەکەوە بڕاوە و چەندین گەشتی تایبەت بە کریسمسەوە هەڵوەشێندراونەتەوە.
ئێوارەی رۆژی شەممە، 24ـی کانوونی یەکەمی 2022، بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاند کە ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی سەرما و کەشوهەوای سەختەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 22 کەس و لە هەشت ویلایەتەوە بۆ رۆژی سێیەم لەسەریەک، هاتووچۆی بەشێکی زۆری ئەمریکییەکان پەکخرا.
ئاژانسی کەشوهەوای نیشتمانیی ئەمریکا دەڵێت، لە ویلایەتی نیویۆرک سەروو 60 سانتیمەتر بەفر باریوە و ئاستەنگی بۆ هاتووچۆ دروستکردووە. هۆشداریشیدا لەوەی تاوەکو بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە بەفربارین لە ویلایەتی نیویۆرک بەردەوام دەبێت.
کاسی هۆچوول، حاکمی نیویۆرک ئێوارەی رۆژی شەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، “هیچ شوێنێک لە ویلایەتی نیویۆرک نییە پلەی گەرما سەروو سفرەوە بێت”.
ئەم زریانەی رووی لە ئەمریکا کردووە، بە ناوی “گەردەلوولی بۆمب” یەکێکە لە هەرە سەختترینی ئەو زریانانەی لە ماوەی چەند دەیەی رابردوودا روویان لە ئەمریکا کردووە. بەجۆرێک، بەگوێرەی ئامارەکانی پێگەی فلایتوێری فڕۆکەوانیی ئەمریکا، تاوەکو ئێستا شەپۆڵە بەفراوییەکە، کە بایەکی بەهێز لەگەڵی هەڵدەکات، رۆژی شەممە بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی سەروو سێ هەزار و 300 گەشتی فڕۆکەوانی و دواخستنی حەوت هەزار و 500 گەشتی دیکە. رۆژی پێشتریش شەش هەزار گەشتی هاوشێوە هەڵوەشێندرانەوە.
هاوکات، بەگوێرەی ئاماری پێگەی چاودێریی بڕینی کارەبا لە ئەمریکا، زریانەکە بووەتە هۆی بڕینی کارەبای 1.7 ملیۆن ماڵ. هەرچەندە تا درەنگانی شەوی شەممە تاڕادەیەکی زۆر هێڵی کارەبا کەوتەوەکار، بەڵام داوا لە خەڵکی کرا کارەبای کەمتر بەکارببەن.
بەرپرسانی کەشناسی پێشبینی دەکەن تاوەکو کۆتایی هەفتە، بارودۆخی ساردی مەترسیدار لە نێوەڕاست و رۆژهەڵاتی ئەمریکا بەردەوام دەبێت پێش ئەوەی پلەکانی گەرما بگەڕێنەوە بۆ کەشی ئاسایی لە هەفتەی داهاتوودا.
هەروەها بەرپرسانی کەنەداش هۆشداری تووندی کەشوهەوایان بڵاوکردووەتەوە. سەدان هەزار کەس لە پارێزگاکانی ئۆنتاریۆ و کیوبیک بێ کارەبا مانەوە، هاوکات “ژمارەیەکی زۆری” گەشتە ئاسمانییەکان لە فرۆکەخانەکانی ڤانکۆڤەر، تۆرۆنتۆ و مۆنتریال هەڵوەشێنرانەوە.