ناڕەزایەتییەکانی نێوخۆی ئێران کە بەهۆی گیانلەدەستدانی ژینا ئه‌مینی، كچه كوردی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان سەریهەڵداوه 100 رۆژی تێپه‌ڕاند و سیاسەتمەدارێکی ئێرانیش هۆشداری ده‌داته ئایه‌توڵا عه‌لی خامنەیی، رێبه‌ری باڵای ئێران لەباره‌ی “تەقینەوەیەکی گەورە” له وڵاته‌كه‌دا.
به‌پێی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی شه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت، خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كان له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه سه‌ركوت ده‌كرێن و تائێستاش لانیكه‌م 506 خۆپیشاندەر کوژران، کە 69 کەسیان مێردمنداڵ بون، ژمارەی دەستگیرکراوەکانیش گەیشتە 18 هەزار و 516 کەس، ئه‌وه‌ش بەپێی ئامارەکانی دەزگای چالاکانی مافی مرۆڤی ئێران، هاوكات له دوای له‌سێداره‌دانی دو خۆپیشانده‌ریش توڕه‌یی خه‌ڵك و ناڕه‌زایه‌تییه‌كان زیاتربون.
لە دوایین پێشهاتدا کۆمەڵەی مامۆستایانی مەدرەسەی قوم پشتیوانی خۆی بۆ جێبەجێکردنی سزای له‌سێداره‌دان به‌سه‌ر دو خۆپیشانده‌ردا راگەیاند، هەروەها داوای لە دەسەڵاتی دادوەری ئێران کرد کە “توندی زیاتر” لە جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدان بنوێنێت بۆ ئەوەی خۆپیشانده‌ران “وانه وه‌ربگرن” وەک ئاماژەیەک بۆ جێبه‌جێكردنی سزای لەسێدارەدانی ئه‌و 11 دەستگیرکراوه‌ی كه سزاكه‌یان بۆ ده‌رچوه.
کۆمەڵەكه لە بەیاننامەیەکدا خۆپیشاندەران تۆمەتبار دەکات بەوەی کە کاردەکەن بۆ بڵاوکردنەوەی تیرۆر و تۆقاندن لەنێو ئێرانییەکاندا لەڕێگەی “ئاژاوەگێڕییەوە”، بە ئامانجی “پێشاندانی وێنای ئێران کە سەلامەت نییە”، داوای سزادانی ئه‌و كه‌سانه‌ی كرد تاوه‌كو دەگاتە بڕینی پەنجە و قاچ بۆ ئەوه‌ی چیتر به‌شداری ناڕه‌زایه‌تییه‌كان نه‌كه‌ن.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی چالاکانی مافی مرۆڤی ئێران (هرانا)، ناسنامەی 58 خۆپیشاندەریان دەستنیشانکراون کە مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە.
لەلایەکی دیکەوە، حوسێن ئەنساری ڕاد، سیاسەتمەداری چاکسازیخواز و پەرلەمانتاری پێشوی ئێران، لە نامەیەکی کراوەدا بۆ ئایه‌توڵا عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی كۆماری ئیسلامیی ئێران، هۆشداریدا لە “تەقینەوەیەکی گەورە” ئەگەر چاکسازی ڕیشەیی ئەنجامنەدرێت.
حوسێن ئەنساری دەڵێت، ناڕەزایەتییەکان “بڵسەیەکی بچوکە لە وێنه‌یه‌كی گەورەدا ئێستا بڕێکی زۆر لە توڕەیی و ناڕەزایی و بێمتمانەیی و بێهیوایی بەرامبەر بە ئیدارە بێکاریگەر و گەندەڵەکە هاتوه‌ته ئاراوه، کە وەڵامی هیچ کام لە داواکارییە ڕاستەقینەکانی خەڵک ناداتەوە”.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی پێشوی ئێران داوای رێبه‌ری باڵای وڵاته‌كه كرد، كه رێگری بكات له‌وه‌ی هێزه ئه‌منییه‌كان کۆتایی بە سیاسەتی سەرکوت و له‌سێداره‌دان و ئەشکەنجە بهێنن.