هاوپەیمانان بۆ هێزەكانی پێشمه‌رگه: هاوكاریه‌كانمان ڕاده‌گرین

بڕیاردەری لیژنەی کاروباری پێشمەرگە رایگەیاند، ساڵانە پێنج بۆ شەش هەزار پێشمەرگە خانەنیشین دەبن و یەکێتی و پارتیش لە دەرەوەی وەزارەت پێشمەرگەی نوێ دادەمەزرێنن، ئەمەش وایکردووە بودجەی پێشمەرگە 50 ملیار دینار زیاد بکات، هاوپەیمانانیش نیگەرانن لەمە.

رزگار محەمەد، بڕیاردەری لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان بەدەنگی ئەمریکای راگەیاند، هاوپەیمانان چاویان لەسەر کەم کردنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و رێکخستنیانە، چونکە ساڵانە پێنج بۆ شەش هەزار پێشمەرگە خانەنیشین دەبن.

ئاماژەی بەوەشدا، یەکێتی و پارتیش هێزی تر لە جێگەکانیان و لە دەرەوەی وەزارەت دادەمەزرێنن، ئەمەش وایکردووە بودجەی پێشمەرگە 50 ملیار دینار زیاد بکات، هاوپەیمانانیش نیگەرانن لەمە.

ئەوەشی خستەڕوو، “چەند جارێک لەگەڵ هاوپەیمانان کۆبووینەتەوە، ئاگاداریان کردوینەتەوە تا بە حیزبەکانمان بڵێین، گەر هێزەکان یەکنەخرێنەوە و لەدەرەوەی وەزارەت بمێننەوە، هاوکاریەکانیان رادەگرن و مامەڵەمان لەگەڵ ناکەن.”

رزگار محەمەد وتیشی، هاوپەیمانان چاویان لەسەر هێزەکانی هەفتا و هەشتای یەکێتی و پارتییە، کە لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگەن، هەرچەندە هەنگاو بە هەنگاو دەخرێنە سەر وەزارەت، بەڵام پرۆسەکە زۆر بە هێواشی بەڕێوە دەچێت.

بە گوێرەی زانیارییەکانی دەنگی ئەمەریکا، رۆژی 19 ی ئەم مانگە، هاوپەیمانان پەیامێکیان ئاراستەی بەرپرسانی باڵای هەرێم کردووە، جەختیانکردووەتەوە بەمشێوەی ئێستا ناتوانن مامەڵە لەگەڵ هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی هەرێم دا بکەن.

ئەمەش لەکاتێکدایە، جگە لە ئەنجامدانی مەشق و راهێنان و هاوکاری کردنیان لە زۆر زانیاری دا، ئەمەریکا مانگانە بڕی 20 ملیۆن دۆلار بۆ موچەی هێزەکانی پێشمەرگە تەرخانکردووە، خواستی سەرەکی هێزەکانی هاوپەیمانانیش بۆ بەردەوامیدان بە هاوکارییەکانیان، یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی سەر بە یەکێتی و پارتییە لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا.

پەیوەندیدار