چین کەرەنتینی ناچاری سەر گەشتیاران هەڵدەگرێت

بۆ یەکەمجار لەدوای سەرهەڵدانی کۆرۆناوە، چین لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا کەرەنتینەکردنی گەشتیاران هەڵدەگرێت. ئەوەش لەکاتێکدایە کە بەشێکی نەخۆشخانەکانی وڵاتەکە بەهۆی تووشبووانی کۆرۆناوە پڕبوون.

لەدوای نزیکەی سێ ساڵ لە کۆنترۆڵکردنی تووندی سنوورەکان، پەککین درەنگانی رۆژی دووشەممە رایگەیاند، کەرەنتینەکانی ناچاری بۆ گەشتیارانی دەرەوەی وڵات هەڵدەوەشێنێتەوە.

رۆژی دووشەممە، 26ـی کانوونی یەکەمی 2022، کۆمیسیۆنی تەندروستیی نیشتمانیی چین رایگەیاند: “بەگوێرەی یاسای کەرەنتینی تەندروستیی نیشتمانی، رێکارەکانی پەیوەست بە نەخۆشییە گوێزراوەکان چیدیکە بەسەر گەشتیاراندا جێبەجێ ناکرێن.”

بەڵام بەپێی یاسا نوێیەکان کە لە 8ـی کانوونی دووەمی 2023 کاری پێدەکرێت، کاتێک پلەبەندیی کۆرۆنا بۆ ئاستێکی “کەمتر مەترسیدار” دادەبەزێندرێت و چیدیکە پێویست بە کەرەنتینەکردنی سەردانیکەران ناکات.

چین لە کاتی پەتاکەدا زۆرتر خۆی لە وڵاتانی جیهان دابڕاند، ئێستا تووشی هەڵکشانێکی بێ وێنەی تووشبوون بووەتەوە، دوای ئەوەی لەناکاو ئەو رێکارانەی هەڵگرت کە زیانی بە ئابووریی وڵاتەکە گەیاندبوو؛ هۆکارێکی دیکە بۆ شلکردنەوەی رێکارەکان، ناڕەزایەتیی سەرتاسەری وڵاتەکە بوو.

لە مانگی ئاداری ساڵی 2020ـەوە سەرجەم ئەو سەرنشینانەی دەگەیشتنە چین ناچاربوون خۆیان کەرەنتین بکەن. کەرەنتینەکە لە هاوینی ئەمساڵدا لە سێ هەفتەوە بۆ یەک هەفتە کەمیکرایەوە تاوەکو لە مانگی رابردوودا کرایە پێنج رۆژ.

هاوکات، شی جینپینگ، سەرۆکی چین رایگەیاند: “لەمکاتەدا، کۆنتڕۆڵکردن و رێگرتن لە کۆرۆنا لە چین چوونەتە قۆناخێکی نوێوە. دەبێت کەمپینێکی تەندروستیی نیشتمانی دەستپێبکەین و هێڵی بەرگریی کۆمەڵگە لە خۆپاراستن لە پەتا بەهێزبکەین و ژیان و ئاسایشی خەڵکی بپارێزین.”

لە شاری کوینگداوی رۆژهەڵاتی چین کە ژمارەی دانیشتووانەکەی سەروو 9 ملیۆن کەسە، بەرپرسانی تەندروستی پێشبینی دەکەن لە چەند رۆژێکی کەمدا ژمارەی تووشبووان بگاتە 500 هەزار و لە شاری دۆنگوانی باشووری رۆژهەڵاتیش ژمارەکە بگاتە 300 هەزار تووشبوو.

لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە ساڵی 2019ـەوە چین رێکاری تووندی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنای گرتەبەر. ئەوەش وایکرد تا رادەیەک ژمارەی تووشبووان کۆنتڕۆڵ بکات. بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لەو کاتەوە 10 ملیۆن و 167 کەس و 676 کەس تووشی پەتاکە بوون و 31 هەزار 585 کەسیش لەو وڵاتەدا بەهۆی پەتاکەوە گیانیان لەدەستداوە.

پەیوەندیدار