ئەمریکا شکستی بە سێ ھەوڵی حکومەتی عێراق ھێناوە بۆ کڕینی سیستمی بەرگری موشەکی ئێس400ی رووسی

سەرکردەیەکی هاوپەیمانی فەتح دەڵێت، ئەمریکا شکستی بە سێ ھەوڵی حکومەتی عێراق ھێناوە بۆ کڕینی سیستمی بەرگری موشەکی ئێس400ی رووسی.

دوێنێ سێشەممە، عودەی عەبدولھادی، سەرکردە لە ھاوپەیمانی فەتح کە ھادی عامری سەرۆکایەتی دەکات و بەشێکە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان رایگەیاند، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا حکومەتی عێراق سێ جار کۆبوونەوە و دانوستانی رەسمی لەگەڵ روسیادا کردووە، بە مەبەستی کڕینی سیستمی بەرگری موشەکی ئێس400-S400ی ئەو وڵاتە، بەڵام ئەمریکا رێگەی نەداوە و شکستی بە ھەر سێ ھەوڵەکە ھێناوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پلانەکانی ئەمریکا روون و ئاشکران و نایەوێت عێراق ببێتە خاوەنی ھێزێکی پێشکەوتوو بە تایبەتی لە بواری بەرگری ئاسمانیدا، کە ئەوەش بووەتە ھۆکاری سەرەکی بە بەردەوامی پێشێلکردنی ئاسمان و سەروەری عێراق، چونکە خاوەنی سیستمێکی بەرگری ئاسمانی پێشکەوتوو نییە.

سیستمی موشەکی ئێس 400، یه‌كێكه‌ له‌سیستمه‌ پێشكه‌وتووه‌كانی‌ به‌رگری‌ رووسیا. لە ساڵی 2019، ڤیکتۆر بونداریف، سەرۆکی لیژنەی ئەنجوومەنی یەکێتی رووسیا بۆ کاروباری بەرگری‌ و ئاسایش رایگەیاندبوو، “عێراق لەنێو دیارترین ئەو دەوڵەتانەدایە کە پێدەچێت لەمساڵدا بۆ بەرگریکردن لەئاسایشی وڵاتەکه‌ی‌ سیستمی بەرگری موشەکی ئێس 400 بکڕێت.” بەڵام پاش تێپەربوونی سێ ساڵ، هێشتا نەتوانراوە رێککەوتنی کۆتایی بکرێت بۆ کرینی ئەو سیستمە بەرگرییە.

پەیوەندیدار