وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، بەهۆی پەسندکردنی سزای بەندکردنی تاهەتایی بەسەر عوسمان کاڤاڵا، بازرگان و چالاکڤانی تورک لەلایەن دادگەی تێهەڵچوونەوەی تورکیا، “ناڕەحەت و بێ هیوا” بوون.
ڤەدانت پاتێل، یاریدەدەری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ی کانوونی یەکەمی 2022 لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر ئاماژەی بەوە دا، ئەمریکا “بە قووڵی ناڕەحەت و بێهیوا بووە” لەوەی دادگەی تورکیا سزای عوسمان کاڤاڵای پشتڕاست کردەوە.
یاریدەدەری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، “وەکو پێشتر گوتمان، سزای هەڵەی کاڤاڵا لەگەڵ سەروەریی یاسا و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤدا ناگونجێت، جارێکی دیکە داوا لە تورکیا دەکەین پابەند بێت بە بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا و عوسمان کاڤاڵا و هەموو ئەو کەسانە ئازاد بکات، کە بە ویستی خۆیان خستوونیانەتە زیندانەوە.”
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 28ی کانوونی یەکەمی 2022، دادگەی تێهەڵچوونەوەی ئیستەنبووڵ بڕیاری بەندکردنی تاهەتایی قورسی عوسمان کاڤاڵا، بازرگان و چالاکڤانی تورک؛ عائیشە موجەللا یاپیجی؛ شەرافەدین جان ئاتاڵای؛ تایفون قارەمان؛ عەلی هاکان ئاڵتنئای؛ یغیت عەلی ئەکمەکچی؛ چیدەم ماتەر ئوتکو و مینە ئۆزەردەن-ی لە دۆسیەی پارکی گەزی پەسند کرد، کە رۆژی 22ی نیسانی ئەمساڵ لەلایەن 13یەمین دادگەی سزا قورسەکانی ئیستەنبووڵ دەرکراوە.
چاوەڕوان دەکرێت لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی 2023دا، ژووری سێیەمی سزاکانی دادگەی دادی هەرێمی ئیستەنبووڵ، دۆسیەی پارکی گەزی بۆ دادگەی باڵا بنێرێت.
ئەگەر بڕیارەکەی دۆسیەی پارکی گەزی لەلایەن دادگەی باڵا هەڵوەشێندرایەوە، بۆ جاری دووەم لە 13یەمین دادگەی سزا قورسەکانی ئیستەنبووڵ پرۆسەی دادگاییکردن لەو دۆسیەیە دەستپێدەکاتەوە، بەڵام ئەگەر بڕیارەکەی دادگەی تێهەڵچوونەوە پشتڕاست بکرێتەوە، ئەوا بڕیارەکە یەکلایی دەبێتەوە.
عوسمان کاڤاڵا کە بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ رووخاندنی حکومەتی تورکیا سزای زیندانی تاهەتایی قورسی بەسەردا سەپێندراوە، لە 1ی تشرینی دووەمی 2017وە خراوەتە زیندانەوە.