نرخی دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕە ناوخۆییەکانی عێراقییدا دابەزینی بەخۆیەوە بینی و لە بەغدا نرخی دۆلار بۆ ١٥١ هەزار و ٥٠٠ دینار دابەزی.
ئاژانسی هەواڵی عێراقی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە لەگەڵ کردنەوەی بازاڕە ناوخۆییەکانی دراو، دۆلار دابەزینی بەخۆیەوە بینیووە و نرخی فرۆشتنی دۆلار بووەتەوە ١٥١ هەزار و ٧٠٠ دینار و نرخی کڕینەوەشی بووەتە ١٥١ هەزار و ٥٠٠ دینار.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ماوەی چەند رۆژێکە نرخی دۆلار بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینییووە و بانکی ناوەندی و سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق چەند رێکارێکیان راگەیاند بۆ دابەزینی نرخەکەی کە گەیشتە ١٦٠ هەزار دینار.
دوێنێ چوارشەممە، بانکی رافیدەینی عێراقی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی رێنماییە حکومییەکان و سیاسەتی بانکی ناوەندی عێراق، نرخی دۆلاری بۆ ئەو کەسانەی بەمەبەستی گەشتکردن پارە دەگۆڕنەوە کرد بە ١٤٥هەزار و ٥٠٠ دینار.
هەر دوێنێ، بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، رۆژانی پشووی سەری ساڵ، بانکی ناوەندی داناخرێت و دۆلار دەفرۆشێت لە رۆژانی پێنج شەممە و هەینی و شەممە و یەکشەمەی داهاتوو، ئەمەش لەپێناو ئەوەی زۆرترین دۆلار بخرێتە ناو بازاڕ و ببێتە هۆی دابەزینی نرخەکەی.