وەزارەتی ناوخۆی هەرێم سزای هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەتی ئاشکراکرد

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، هەڵگرانی چەکی بێمۆڵەت رووبەرووی بەندکردن دەبنەوە کە ماوەکەی لە ساڵیک کەمتر نییە و لە سێ ساڵ زیاتر نییە. دەشڵێت، “هەڵگرانی چەکی بێ مۆڵەت سزای دارایی پێبژاردنێک کە لە دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت دەدرێن”.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی ناوخۆیی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لە دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر دەرچوونی رێنمایی ژمارە ٥ی ساڵی ٢٠٢٢ کە رێنمایی جێبەجێکردنی یاسای چەک، ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٢، دادگاکانی کوردستان کار بەو یاساییە دەکەن و ماددەی ١٥ لە یاساکە جێبەجێدەکەن بەسەر هەر کەسێک چەکی بێ مۆڵەتی بەدەست بگیرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ماددەی ١٥، بڕگەی یەکەم هاتووە، هەر کەسێک کە ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ نەبێت و بە بێ مۆڵەتی دەسەڵاتی مۆڵەتدان، دەستداریی چەکێکی ئاگرین یان تفاقی بکات، هەڵیبگرێت، بیفرۆشێت، چاکیبکاتەوە یان دەستاودەستی پێوە بکات، ئەوا بە بەندەکردن بۆ ماوەیەک کە لە یەک ساڵ کەمتر نەبێت و لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت، و بە پێبژاردنێک کە لە دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، سزا دەدرێت.

هەر لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، “ئەگەر چەک لە ماڵەکەت هەیە، پەلە بکە و تۆماری بکە تا کاتی تۆمارکردن ماوە. پێشتر بنکەکانی تۆمارکردنمان بڵاو کردبووەوە. ئەگەر بە هەر هۆکارێک هەستدەکەیت پێویستیت بە هەڵگرتنی چەک هەیە، داوای مۆڵەتی هەڵگرتنی چەک لە بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ناوخۆی پارێزگا یان ئیدارەی سەربەخۆی سنوورەکەت بکە، یان سەردانی وەزارەتی ناوخۆ بکە و داواکاری مۆڵەتی هەڵگرتنی چەک پێشکەش بکە”.

دەشڵێت، هەبوونی چەک لە ماڵەوە ئەگەر تا ئێستا وەکو ئامرازێک بۆ بەرگری لەخۆکردن و پاراستنی نیشتیمان لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراو سەیر کرابێت، ئەوە هەموو کات هەبوونی چەک دەرفەت بۆ توندوتیژی و یەکلاکردنەوەی کێشەکان لە دەرەوەی یاسا زیاتر دەکات و هەڕەشەیە لەسەر ماڵ و منداڵی هاوڵاتییان، ئەگەر بە دروستی مامەڵەی لە گەڵ نەکرێت.

پەیوەندیدار