خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە و ئەمڕۆش چلەی حەوت لە کوژراوانی شاری جوانڕۆ بەڕێوەدەچێت.
شەوی رابردوو لە تارانی پایتەخت و کەرەج و چەند شارێکی دیکەی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران جارێکی تر خەڵک رژانەوە سەر شەقامەکان و دروشمەکانی دژی حکومەت و دەسەڵاتدارانی ئێرانیان وتەوە.
بڕیارە ئەمڕۆش چلەی حەوت کەس لە کوژراوانی شاری جوانڕۆی سەر بە پارێزگای کرماشان بە ناوەکانی (عیرفان کاکایی) و (بەھادین وەیسی) و (جەوھەر فەتاحی) و ( جەمال ئەعزەمی) و ( تەحسین میری) و (ئیسماعیل گوڵ عەنبەر) و (مەسعود تەیموری) بەڕێوەبچێت کە رۆژی دووشەممە ٢١ی تشرینی دووەمی رابردوو و دوای گەڕانەوەیان لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ژمارەیەک لە خۆپیشاندەرانی جوانڕۆ بە تەقەی ھێزە ئەمنییەکان کوژران.
رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤیش بڵاویکردووەتەوە، بە مەبەستی رێگەگرتن لە فراوانبوونی رێوڕەسمەکەی ئەمڕۆی جوانڕۆ و سەرھەڵدانەوەی خۆپیشاندان لەو شارە، ھێزێکی ئەمنیی زۆر لە کرماشانەوە رەوانەی جوانڕۆ کراوە.