سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پێویستە ساڵی نوێی 2023 ببێتە ساڵی یەكڕیزی لایەنەكان و هەمووان پێكەوە هەوڵی جدی بدەن لەپێناو دەستەبەركردنی ژیانێكی شایستەتر بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.
بەڵێن عەبدوڵا، سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێی 2023ەو وێڕای ئەوەی پیرۆزبایی لە تەواوی كوردان لە هەرچوارپارچەی كوردستان و كۆی مرۆڤایەتی دەكات، هاوكات ئاماژە بە دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان و ناوچەكە دەكات و دەڵێت”هەمووان دەزانین لەئێستادا هەرێمی كوردستان بە دۆخێكی سەختدا تێپەڕ دەكات، بۆیە پێویستە بەهەمووان پارێزەری ئەم ئەزموونە بین و ڕێگری بكەین لە هەر چۆرە دەستێوەردانێكی دەرەكی”.
دەشڵێت”ئومێدەوارین لەساڵی نوێدا كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بكرێن لە پێناوی دۆخ و گوزەرانی هاوڵاتیان، چونكە ئەم دۆخە سەختەی ناوچەكە پێیدا تێپەڕ دەكات، كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی هاولاتیانی زەحمەتكێش و ماندوو هەیە و ئەوەش بۆ ئەزموونی هەرێمەكەمان كە بە قوربانیدانی هەموولایەك هاتۆتە بەرهەم باش نابێت”.
هەر لە درێژەی ڕاگەیەنراوەكەدا دەشڵێت”ئێمە لە حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، وەك هەمیشە پاڵپشتی لە گەلەكەمان دەكەین لە هەركوێیەكی دنیادابن، هاوكات پاڵپشتی تەواوی كارە باشەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین و بەئومێدیشەوە لە ئایندەی هەرێمەكەمان دەڕوانین، هەر لەم ڕوانگەیەشەوە داواكارین لە تەواوی لایەنە سیاسیەكانی كوردستان، دەست لەناو دەست پێكەوە هەنگاو بنێین بەرەو بنیادنانی كۆمەڵگەیەكی مەدەنی بۆ چارەسەری ئەو كێشانەی دێنەبەردەممان و پێكەوە ڕووبەڕووی هەر جۆرە ئاریشە و تەحەدیاتێك ببینەوە، دووبارە پیرۆزبایی خۆمان لەسەرجەم كۆمەڵانی خەڵكی عێراق بەگشتی و كوردستان بەتایبەتی دەكەین”.
ووشەی خوێندراوە ( 224) ئـــا : بێستون لەتیف