دوو یانەی گەورەی ئەوروپا بۆنۆیان دەوێت

ماڵپەڕی فوت مێرکاتۆ بڵاویکردەوە، یانەکانى بایرن میونشنى ئەڵمانى و مانچستەر سیتى ئینگلیزى دەستیان بە گفتوگۆکردووە لەگەڵ نوێنەرانى یاسین بۆنۆى مەغریبى گۆڵچى یانەى سیڤیلیای ئیسپانى، بۆ ئیمزاکردنى گرێبەست لەگەڵیدا.

ماڵپەڕکە ئاماژەى بەوەکردووە، بۆنۆ پێشوازى لەو گرێبەستانە دەکات، کە پێشکەشى دەکرێن، لەبەرئەوەى ئارەزوو دەکات هەنگاوێکى نوێ لە کاروانە پیشەگەریە وەرزشیەکەیدا بنێت.

ڕاپۆرتە ڕۆژنامەنوسیەکانیش باس لەوەدەکەن، بەرپرسانى سیڤیلیا داواى 30 ملیۆن یۆرۆ دەکەن بۆ دەستبەرداربوون لە بۆنۆ، کە گرێبەستەکەى لە هاوینى 2025دا کۆتایى دێت.

پێگەى ناوبراو ڕوونیکردووەتەوە، ئەو بڕەى سیڤیلیا داواى دەکات بایرن میونشن پێى ڕازى نابێت، لەبەرئەوەى یانە باڤاریەکە پێویستى بە گۆڵچییەکى کاتییە تا کۆتایى ئەم وەرزە و پاشان پێویستى پێنامێنێت دواى ئەوەى مانوێل نویەرى گۆڵچى تیپەکەى گەڕایەوە، کە لە ئێستادا بەهۆى شکانى قاچییەوە دوورکەوتووەتەوە.

یاسین بۆنۆ لەم وەرزەدا لەگەڵ سیڤیلیا بەشدارى لە 17 یارى کردووە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا، 32 گۆڵى لێکراوە و لە دوو یاریدا تۆڕى گۆڵەکەى بە خاوێنى هێشتووەتەوە.

لەگەڵ هەڵبژاردەی مەغریبیشدا لە مۆندیالی 2022ی قەتەر رۆڵێكی بەرچاوی هەبوو لە بەدەستهێنانی پلەی چوارەمی مۆندیال بۆ یەكەمین جار لە مێژووی وڵاتەكەیان و كیشوەری ئەفریقیادا .

ئێستانیوز: بێستون لەتیف

پەیوەندیدار