تەرمی ئەو سێ کوردەی لە هێرشەکەی مانگی 12ی ساڵی رابردوو تیرۆر کران دەگەڕێندرێنەوە کوردستان، دوانیان لە باکووری کوردستان و یەکێکی دیکەشیان لە باشووری کوردستان بەخاک دەسپێردرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 3-1-2023 لە پاریس رێوڕەسمی رێزلێنان لە تەرمی ئەو هاونیشتمانییانە کە لە رووداوی تەقەکردنەکەی پاریسدا تیرۆر کران بەڕێوەدەچێت و دواتریش تەرمەکان دەگەڕێندرێنەوە بۆ کوردستان. ئەنجوومەنی دیموکراتی کورد لە پاریس رێوڕەسمەکە رێکدەخات، تیایدا بەشێک لە هاونیشتمانییانی کورد لە پاریس، هاووڵاتییانی پاریس، چالاکڤان و هاوڕێیانی هەر سێ هاونیشتمانییەکە بەشداریی تێدادەکەن.
بەپێی زانیارییەكان، تەرمی ئامینە کارایە دەبردرێتەوە کەمپی مەخموور لە باشووری کوردستان هەروەها تەرمی میر پەروەر عەبدولڕەحمان قزڵ دەبردرێنەوە باکووری کوردستان.
رۆژی 23-12-2022 هاووڵاتییەکی فەرەنسی بەناوی ویلیام ئێم تەمەن 69 ساڵ بە دەمانچە هێرشی کردە سەر ناوەندیی ئەحمەد کایا و سەرتاشخانەیەکی کوردی لە پاریس و بەهۆیەوە سێ کەس بە ناوەکانی ئەڤین گۆیی کە ناوی راستەقینەی ئامینە کارایە، میر پەروەر و عەبدولڕەحمان قزڵ تیرۆرکران و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
هەرچەندە دادگەی پاریس تۆمەتی کوشتن و هەوڵی کوشتنی داوەتە پاڵ تۆمەتبارەکە، بەڵام رەوەندی کوردی بەردەوامن لە خۆپێشاندان و داوا دەکەن پێشێلکارییەکان بەرامبەر کورد کۆتاییان بێت.