بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری هەولێر رایگەیاند: لەسەری ساڵی نوێدا هەولێر ژمارەی پێوانەیی لەهاتنی گەشتیاردا تۆمار دەكات.
لە راگەیەنراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری هەولێر بڵاویكردۆتەوە، بە گوێرەی دوایین ئامار لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری هەولێردا لە ماوەی ساڵی 2022دا زیاتر لە 2 ملیۆن و 752 هەزار گەشتیاری ناوخۆ و پارێزگاكانی عیراق و بیانی سەردانی هەولێرو دەوروبەریان كردوە، هەروەها تەنها لەپشوەكانی سەری ساڵی2023دا 61 هەزارو 658 گەشتیار بەمەبەستی بەشداریكردن لەچالاكییەكانی ساڵی نوێدا سەردانی پارێزگای هەولێریان كردوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری هەولێر راشیگەیاندوە، سوپاسی سەرجەم تیمەكانی ئاسایش و پۆلیس و تیمەكانی خزمەتگوزاری و بەرپرسان دەكەین كە لەنزیكەوە ئاگاداری رەوشی هاتنی گەشتیاران بون، بەهیوای ئەوەی بتوانین لەداهاتو پێشوازی لەژمارەیەكی زۆری گەشتیاران بكرێت و هەروەها باشترین خزمەتگوزارییش پێشكەش بكرێت.