سێ ساڵ بەسەر کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەھدی موھەندیس تێدەپەڕێت

ئەمڕۆ سێ ساڵ بەسەر کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەھدی موھەندیس تێدەپەڕێت، بەو ھۆیەوە لە 13 پارێزگای عێراق کراوەتە پشوو.

بەرەبەیانی رۆژی 3ی کانوونی دووەمی 2020، قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبو مەھدی موھەندیس جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد بوونە ئامانجی ھێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکا و لەگەڵ چەند پاسەوانێکیاندا کوژران.

ئەوکات رووداوەکە کاردانەوەی فراوانی لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە و جیھان لێکەتەوە و کۆشکی سپیی ئەمریکاش رایگەیاند، دۆناڵد ترامپ فەرمانی ھێرشەکەی دەرکردووە.

دوای سێ ساڵ لە کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەھدی موھەندیس، ئەمڕۆ لە 13 پارێزگای عێراق لە ناویاندا بەغداد و کەرکوک و نەجەف و سەڵاحەدین و ئەنبار کراوەتە پشوو.

ھاوکات محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە تویتێکدا رایگەیاند، پێویستە یادی “سەرکردەکانی سەرکەوتن” و قارەمانێتیەکانیان لە بەرەنگاربوونەوەی بەھێزترین گروپی تیرۆریستیی توندڕەو لە مێژووی ھاوچەرخدا بکەنەوە.

وتیشی، بە ئامانجگرتنیان لە ھەموو رێسا و یاسا نێودەوڵەتییەکان کارێکی ئیدانەکراو بووە، ھەربۆیە کار بۆ چەسپاندنی سەروەری بۆ عێراقێک دەکەن، کە سەربەخۆ بێت لە سیاسەتەکانیدا و توانای پاراستنی گەلەکەی ھەبێت.

پەیوەندیدار