کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی ئێوارەی رۆژی دووشەممە، لەگەڵ خێزانەکەی و بەشێک لە هاوکارە نزیکەکانی گەیشتە ریازی پایتەختی سعودیە، دوای ئەوەی فڕۆکە تایبەتەکەی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی شا خالید نیشتەوە.
یانەی نەسر هەینی رابردوو گرێبەستکردنی لەگەڵ کریستیانۆ راگەیاند، کە بەپێی ئەو گرێبەستە یاریزانە تەمەن 37 ساڵەکە بۆ ماوەی دوو وەرز و نیو بە درێسی یانەی نەسرەوە یاری دەکات.
لە کاتی گەیشتنی رۆناڵدۆ بۆ فڕۆکەخانە، لایەنە پەیوەندیدارەکان رێگرییان کرد لە بەشداریکردنی میدیاکان و هەر جۆرە دەرکەوتنێکی پێشوازی گشتی لە ئەستێرە پۆرتوگالییەکە.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ کاتێک لە فڕۆکە تایبەتەکەیدا بوو لە رێگەوە بەرەو ریازی پایتەختی سعودیە، پەیامێکی بۆ هاندەرانی یانەی نەسر نارد و پێیگوتن “هاندەرانی نەسر.. بەم زووانە دەتانبینم”.
ئەمڕۆ کاژێر 07:00 کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەلایەن یانەی نەسرەوە بە هاندەران و میدیاکان دەناسێنرێت، رێوڕەسمی ناساندنەکە لە یاریگەی مەرسوول پارک بەڕێوەدەچێت، کە هەرزوو سەرجەم بلیتەکانی ئامادەبوون لە رێوڕەسمی ناساندنی رۆناڵدۆ فرۆشران.
ئەستێرە پۆرتوگالییەکە لە کاتی پێشکەشکردنیدا درێسی یانەی نەسر لەبەردەکات، هاوکات لە کاتی ئاهەنگەکەدا کە نزیکەی دوو کاژێر دەخایەنێت، رۆناڵدۆ وتارێک پێشکەش بە هاندەران دەکات.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی مانچێستەر یونایتد هەڵوەشاندەوە، دوای ئەوەی هەردوولا رەزامەندییان نیشاندا.
یانەی نەسر دوای تێپەڕبوونی 11 گەڕ، لە پێشەنگی ریزبەندیی خولی پیشەگەری رۆشنی سعودیەدایە، بە کۆکردنەوەی 26 خاڵ.
هاوكات میدیای سعودیە رایگەیاند ” لە 24 کاتژمێری یەکەمی راگەیاندنی گرێبەستی رۆناڵدۆدا، یانەی نەسر 5 هەزار درێسی رۆناڵدۆی فرۆشتووە، بەڵام بەپێی رۆژنامەی عەکازی سعودی، دوای 48 کاتژمێر لە راگەیاندنی گرێبەستەکە یانەی نەسر 240 ملیۆن ریالی سعودیی لە فرۆشتنی درێسەکانی رۆناڵدۆدا بەدەستهێناوە، کە دەگاتە 63 ملیۆن دۆلار
رۆناڵدۆ گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی نەسر تاوەکو هاوینی 2025 دەبێت و بەرامبەر 200 ملیۆن یۆرۆیە بۆ هەر ساڵێک و تاوەکو کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی نزیکەی نیو ملیار یۆرۆ وەردەگرێت.