وەزیری دارایی عێراق دەڵێت، بەھۆی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و پاکتاوکردنی دارایی نێوان ھەرێم و بەغداد ٤٠٠ ملیار دینارەکە رەوانەی ھەرێم نەکراوە
“تەیف سامی”وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، بەھۆی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی و راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی لەبارەی خەرجییەکانی ھەرێم، ٤٠٠ ملیار دینارەکە رەوانەی ھەرێمی کوردستان نەکراوە، کە دەبوایە بەپێی ماددەی ١٠ لە یاسای بودجەی ٢٠٢١، شایستە داراییەکان لەنێوان ھەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی بۆ ساڵەکانی ٢٠٠٤ تا ٢٠٢٠ پاکتاو بکرێن، بەڵام ئەو ھەنگاوە نەنراوە.
راشیگەیاندوە، بەپێی بڕیاری ژمارە ٥٩ی دادگای باڵای فیدڕاڵی کە داوایکردوە، ھەناردەی نەوتی ھەرێم رادەستی بەغدا بکرێت و دیوانی چاودێری دارایی عێراق وردبینی لە گرێبەستەکانی نەوتی ھەرێم بکات، لەدوای جێبەجێکردنی ھەموو ئەو رێکارانە، پشکی ھەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق دیاریبکرێت.