بنکەیەکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بە مووشەک کرایە ئامانج. ئەمریکاش دەڵێت، ئەو جۆرە هێرشانە ژیانی هاوڵاتیانی سڤیل و ئەندامانی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەخاتە مەترسییەوە.
ئەمرۆ چوارشەممە 4ـی 1ـی 2023، فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا تویتێكی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ لە دەوروبەری کاتژمێر 09:00 بە کاتی سووریا، دوو مووشەک ئاراستەی بنکەیەکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە “باکوری رۆژهەڵاتی سووریا کران.”
لە تویتەکەدا هاتووە، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و زیانیشی بە بنکە سەربازییەکە نەگەیاندووە.
دەشڵێت، هێزەکانی سووریای دیموکرات سەردانی ناوچەکەیان کردووە و مووشەکێکیشیان دۆزیوەتەوە کە نەتەقیبوو.
جەو بوسینۆ، وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا لەو بارەوە دەڵێت: “هێرشی لەم جۆرە هێزەکانی هاوپەیمانان و هاوڵاتیانیش دەخاتە مەترسیەوە و کاریگەری دەبێت لەسەر ئەو سەقامگیری و ئاسایشەی زۆر بە زەحمەت لە سووریا و ناوچەکە بەدەستهاتووە.”
ئــــــــا : بێستون لەتیف