بەهۆی نالەباریی کەشوهەوا و بارانی بەخوڕەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا رۆژی پێنجشەممە لە سەرجەم دامەزراوەکان بکرێتە پشوو.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 4-1-2023، ئەمێندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی پشووی رۆژی پێنجشەممەوە رایگەیاند: “بەهۆی خراپیی دۆخی کەشوهەواوە لە زۆرینەی پارێزگاکانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا بە راگرتنی دەوامی فەرمی بۆ پێنجشەممە 5ـی کانوونی دووەم.”
لەدوێنێوە بارانبارین لە بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق لەوانە بەغدا، بەسرا، زیقار، میسان، کەربەلا و چەند پارێزگایەکی دیکە دەستیپێکردووە و پێشبینی دەکرێت تاوەکو رۆژی هەینی بەردەوام بێت.
هەرچی پەیوەستە بە کەشوهەوای هەرێمی کوردستانیشەوە بۆ رۆژی پێنجشەممە، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان پێشبینیی دەکات ئاسمان هەور دەبێت بە گشتى و بارانبارین لە بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکانى سنوورى حاجى ئۆمەران و چۆمان و سۆران دەبارێت، هەروەها ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانیش بەهۆى هاتنى بارستە هەوایەکى سارد بەفریان لێ دەبارێت.
لە سلێمانیش پێشبینی دەکرێت لە کاتەکانى بەیانیى زوو بارانبارین لە ناوچە جیاجیاکان بەردەوام بێت، هەروەها بەفر لەسەر لووتکەی شاخە بەرزەکان دەبارێت، لە پارێزگاى هەڵەبجەش کاریگەریى بارانبارین بەردەوام دەبێت لەسەر ناوچە جیاجیاکان.
سەبارەت بە پارێزگاى دهۆک، وەزارەتی گواستنەوە دەڵێت: “ئاسمان نیمچەهەور و هەندێک ناوچە هەورى تەواو دەبێت، کاریگەریی ئەم شەپۆلە سبەى پێنجشەممە لە دواى نیوەڕۆ کۆتایى دێت.”
لە ئێوارەی ئەمڕۆوە شەپۆلێکی بەفربارین ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان و دەوروبەر و سەنتەری بەشێک لە شارەکانی گرتووەتەوە. بەفر لە پێنجوێن باری و هەروەها شاخی گۆیژە و ئەزمەڕی سپیپۆش کرد. هەروەها لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر لەوانەش چیای هەڵگورد و حەسەن بەگ بەفر باریوە.