کریستیانۆ رۆناڵدۆ: لە پورتوگال و ئەمریکا و ئوسترالیا و بەڕازیلەوە گرێبەستم پێشکەشکرابوو

دوای ڕاگەیاندنی گرێبەستە پێوانەییەکە لەگەڵ کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی پورتوگالی، یانەی نەسڕی سعودی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنوسی بۆ هێرشبەرە پورتوگالیەکە لە یاریگای یانەکە ئەنجامدا.

کریستیانۆ لە کۆنفرانسەکەدا ئاماژەی بەوەکرد، گرێبەستەکەی ئاڵنگارییەکی نوێیە لەگەڵ یانەی نەسڕ و شانازی پێوەدەکات و بەشێوەیەکی نایابیش لەلایەن یانە نوێکەیەوە پێشوازی لێکراوە.

ڕۆناڵدۆ دەڵێت “شانازی دەکەم بەم بڕیارە گرنگەی ژیانم و ئاڵنگارییەکی نوێیە لە ئاسیا، دوای ئەوەی لە گەورەترین یانەکانی جیهاندا یاریم کرد، بۆ یاریکردنیش ئامادەم و هیوادارم بەشداری یارییەکەی پێنجشەممەی نەسڕ بکەم، ئەگەر ڕاهێنەر ڕێگەم پێبدات”.

کریستیانۆ باسی لەوەشکرد، ماوەی ئەو لە ئەوروپا کۆتایی هات و هەموو شتێکی بەدەستهێنا، لە پورتوگال و ئەمریکا و ئوسترالیا و بەڕازیلیشەوە پەیوەندی پێوەکراوە، بەڵام ئەو نەسڕی هەڵبژاردووە و بۆ بردنەوە و بەدەستهێنانی نازناوەکان پەیوەندی پێوەکردووە و گوێ بە قسەی تر نادات.

ڕۆناڵدۆ دەشڵێت “خێزانەکەم دڵخۆشە لە سعودیە و پاڵپشتیان کردم لە بڕیارەکەمدا، گرێبەستەکەش تایبەتە چونکە من یاریزانێکی تایبەتم، ئەمەش هەلێکی نایابە بۆ من بۆ گۆڕینی ئەقڵیەتی ئەم نەوە نوێیە، هەموو ژمارە پێوانەییەکانم لە ئەوروپا شکاند، دەمەوێت چەندینی تر لە ئاسیاشدا تۆماربکەم.

ئــــــــا : بێستون لەتیف

پەیوەندیدار