تاوەكو ئێستا تەنیا لە 18%ـی هاوڵاتیانی هەرێم نەوتیان وەرگرتوە

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم رایگەیاند، تاوەکو ئەمڕۆ نەوتی سپی بەسەر 234 هەزار و 254 خێزان لەناوچە شاخاوییەكان دابەشكراوە و نزیکەی 47 ملیۆن لیتر نەوت بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشکراوە، ئەوەش لەکاتێکدایە پێداویستی هەرێمی کوردستان بۆ نەوتی سپی لە ساڵێکدا 258 ملیۆن لیترە و بەوپێیەش تائێستا 18%ـی هاوڵاتیانی هەرێم نەوتیان وەرگرتوە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم ئەمڕۆ لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، تاوەكو 4ی كانونی دوەمی ئەمساڵ وەبەرهێنانی كانزایی لەوەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەڕێگای بەڕێوەبەرایەتیەکانی نەوت و کانزاکانی پارێزگاکان  بڕی 46 ملیۆن و 850 هەزار و 800 لیتر لەسەرانسەری هەرێمی كوردستان دابەشكردوە.

ئەوەشی خستوەتەڕو، بەپێی دوایین ئامار تاوەكو ئێستا 234 هەزار و 254  خێزان لە پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی سودمەندبوە، لەسنوری پارێزگای هەولێر 15 ملیۆن و 564 هەزار و 600 لیتر نەوتی سپی دابەشكراوەو 77 هەزار و 822 خێزان سودمەند بوە، لەسنوری پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجەش 18 ملیۆن و 828 هەزار و 800 لیتر نەوتی سپی دابەش كراوەو 94 هەزار و 144 خێزان سودمەند بوە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەڵێت،  لەپارێزگای دهۆكیش 12 ملیۆن و 457 هەزار و 600 لیتر نەوتی سپی دابەش كراوەو  62 هەزار 288   خێزان سودمەندبوە . پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپیش بەردەوام دەبێت و بەمنزیكانە دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەكان تەواو دەبێت دەست دەکرێت بە دابەش کردنی نەوت لە دەوروبەری پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان.

لەلایەكی دیكەوە كەریم عەلی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، تاوەكو ئێستا هیچ وادەیەك بۆ دابەشكردنی نەوتی سپی لە سەنتەری شارەكان دیارینەكراوە.

كەریم عەلی بە میدیای یەكێتی وتووە، بۆ دابەشكردنی نەوتی سپی لە سەنتەری شارەكان تاوەكو ئێستا وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هیچ وادەیەكی دیارینەكردووە، چاوەڕوانی حكومەتی عیراق دەكرێت.

رونیشیكردووەتەوە، پێشتر و لە مانگی 10ی ساڵی رابردوو راگەیەندرا كە نەوتی سپی لە قەزا و ناحیە و سەنتەری شارەكان دابەشدەكرێت، ئەوەی پێشتریش كراوە دابەشكردنی نەوتی سپی نەبووە بەڵكو فرۆشتنی نەوتی سپی بووە بە هاوڵاتییان.

پەیوەندیدار