ئەمڕۆ پێنجشەممە دادگای دەستوری تورکیا کۆدەبێتەوە و بڕیار لەسەر داواکارییەکی داواکاری گشتی وڵاتەکە دەدات بۆ راگرتنی هەمو هاوکارییەکانی دەوڵەت بۆ پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە بەگوێرەی یاسای پارتەکان وەریدەگرێت، ئەو داواکارییەش بەشێکە لە دۆسیەی داخستنی ئەو پارتە کوردییە.
مانگی رابردو داواکاری گشتی تورکیا بە پاساوی بونی پەیوەندی لەنێوان پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) سکاڵایەکی ئاڕاستەی دادگای دەستوری کرد بۆ راگرتنی هەمو هاوکارییەکی دەوڵەت بۆ سییەمین گەورەترین پارتی تورکیا.
دادگای دەستوری تورکیا ئەمڕۆ لەسەر ئەو دۆسیەیە کۆدەبێتەوە و بڕیاری لەبارەوە دەدات، لای خۆیەوە تیمی پارێزەرانی هەدەپە دەڵێت، داوایان لە دادگای دەستوری کردوە داواکارییەکە رەتبکاتەوە.
بەگوێرەی یاسای پارتەکانی تورکیا، هەر پارتێک بتوانێت رێژەی یاسایی 10% بۆ چونە ناو پەرلەمان تێپەڕێنێت، لە گەنجینەی دەوڵەتەوە ساڵانە هاوکاری دارایی پێشکەش دەکرێت بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکانی، هەدەپە لەئێستادا سییەمین گەورەترین پارتی تورکیایە و لەدواین هەڵبژاردندا توانیویەتی 11.7%ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت.